ئومێد خۆشناو: بۆ هەڵوێست بەرامبەر یەکێتی چاوەڕێی سەرکردایەتیی خۆمانین
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، بۆ هەڵوێست وەرگرتن بەرامبەر فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، چاوەڕێی بڕیاری سەرکردایەتیی حزبەکەیان دەکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە 28-5-2019، پەرلەمانی کوردستان بە زۆرینەی دەنگ، متمانەی بە نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان وەک سەرۆکی نوێی هەرێمی کوردستان، بەخشی.
دوای کۆبوونەوەکە، ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پرێس کۆنفڕانسێکدا دوای هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بە رۆڵی سەرۆک مەسعود بارزانی لە رێبەرایەتیکردنی کوردستان کرد و رایگەیاند، سەرۆک بارزانی لەماوەی سەرۆکایەتیکردنی هەرێمی کوردستان، ”هەیبەت و شکۆی بۆ کوردستان گەڕاندەوە“.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، کە نێچیرڤان بارزانی تەواوکەری رۆڵی سەرۆک بارزانی دەبێت و لەسەر هەمان رێچکەی ئەو سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەکات.
ئومێد خۆشناو لەبارەی ئامادەنەبوونی فراکسیۆنی یەکێتی لە دانیشتنی متمانەدان بە نێچیرڤان بارزانی، رایگەیاند، ئەوان بە فراکسیۆنی یەکێتییان راگەیاندبوو، کە ئامادەنەبوونیان لە دانیشتنەکە پەیوەندیی بە هەموو رێککەوتنەکانی نێوان پارتی و یەکێتی هەیە.
خۆشناو لەبارەی هەڵوێستیان بەرامبەر پێشێلکردنی رێککەوتنی نێوانیان لەلایەن یەکێتییەوە، رایگەیاند، ”چاوەڕێی بڕیار و هەڵوێستی سەرکردایەتیی خۆمانین“.
پێشتر پارتی و یەکێتی رێککەوتبوون لەسەر هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان و پۆستەکانی یەکێتی لە حکوومەت.