مەسرور بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی بەلجیکا لە عێراق و ئوردن دەکات

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٨/٥/٢٠١٩ مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە هندریک ڤان دیفێڵد، باڵیۆزی بەلجیکا لە عێراق و ئوردن کرد، کە بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی سەردانی هەرێمی کوردستانی کردوە.

لە دیدارەکە پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و هەنگاوەکانی کاراکردنەوە و پێکهێنانی دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کران.

مەسرور بارزانی کار و چالاکییەکانی باڵیۆزی بەرز نرخاند و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکی نوێیدا بۆ خواست، هەروەها ئاماژه‌ی به‌ پێشڤەچوونه‌کانی هه‌رێمی کوردستان له‌ بوارە جۆراوجۆرەکان و گفتوگۆکانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا کرد به ‌مه‌به‌ستی گەیشتن بە چاره‌سه‌رکردنی ته‌واوی کێشه‌کان لە چوارچێوەی دەستووردا.

لە بەرانبەردا باڵیۆزی بەلجیکا لە عیراق و ئوردن، ئاشتی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستانی بە هۆکارێکی ئەرێنی فرەوانکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان ناوزەد کرد و رایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە لە بوارە جیاکاند پشتیوانی و هاوکاریی هەرێمی کوردستان بکات و هیوای پێشکەوتنی زیاتری بۆ هەرێمی کوردستان و سەرکەوتنی مەسرور بارزانی خواست لە سەرۆکایەتیکردنی کابینەی داهاتووی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا.

 

Back to top button