شاخەوان عەبدوڵا: میلانە وڵامێك ئاراستەی دباشان دەکات ڕایدەگەیێنێ یەكێتی خۆی پێ یەكلا ناكرێتەوە دەبێت خەڵك ڕەچاوی دۆخیان بكات.
شاخەوان عەبدوڵا ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق رای دەگەیەنێت، دەبێ خەڵكی كوردستان رەچاوی دۆخی ئێستەی یەكێتی نیشتیمانی بكات كە دوای چەندان كۆبوونەوە نەیانتوانی بەو پشكانەی بەریاندەكەوێت تەواوی باڵەكانی یەكێتی پێ رازی بكەن.
ئەمڕۆ كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەرێوەچوو تیایدا، نێچیرڤان بارزانی بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران بووە سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەڵام لە كۆبوونەوەكەدا فراكسیۆنی یەكێتی بەشداری نەكرد.
شاخەوان عەبدوڵا ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە واڵی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نووسیویەتی، دەبێ خەڵكی كوردستان رەچاوی دۆخی ئێستەی یەكێتی نیشتیمانی بكات كە دوای چەندان كۆبوونەوە نەیانتوانی بەو پشكانەی بەریاندەكەوێت تەواوی باڵەكانی یەكێتی پێ رازی بكەن، تەنانەت لەدواین كۆبونەوەی خۆیان یەكێك لەكەسە دیارەكانی ناو یەكێتی هەڕەشەی ئەوەی كرد كە ئەگەر كەسێك نەكرێتە وەزیر لەم كابینەیە ئەوە دڵنیابن یەكێتی توشی كێشەیەكی گەورە دەكەم.
شاخەوان عەبدوڵا دەڵێت، خۆناكرێت تەواوی وەزیرەكانی كابینەی حكوومەتی هەرێم بدرێتە یەكێتی بۆ رازی كردنی تەواوی باڵەكانی یەكێتی، بۆیە ئەم بڕیارە لەبەرژەوەندی یەكێتییە، چونكە توانیان حزبەكەی خۆیان لەئینشقاقی تر بپارێزن، بەڵكو بشتوانن برا گەورەیەك بۆ خۆیان هەڵبژرێن و خۆیان و تەواوی خەڵكی كوردستانیش لەو كێشە گەورەیە رزگار بكەن.
” ئەوەی مایەی نیگەرانییە ئەوەیە كەركووك بكرێتە بیانوو، چونكە یەكێتی تائێستە نوێنەریان لە كۆبوونەوەكانی تایبەت بەئاسایی كردنەوەی كەركووك لەبەغدا بەشدار دەبێت و هیچ جیاوازییەكیشمان نەبووە لە بۆچونەكانمان كە دواین كۆبونەوەمان هەفتەی رابردوو بووە لەبەغدا، هەرچی دانانی پارێزگارە هێشتا كۆبوونەوەی لایەنەكان نەكراوە لەسەر میكانیزمی كاراكردنەوەی ئەنجوومەن تا پارێزگار هەڵبژێردرێت” شاخەوان عەبدوڵا وا دەڵێت.
هەروەك ئاماژە بۆ ئەوە دەكات دەكرێت یەكێتی وەكو ئۆپۆزسێون بمێنێت و ئەو ماوە بقۆزێتەوە بۆ خۆ رێكخستنەوەو نوێبوونەوەیان.