باڵیۆزی EU: جێی داخە سیاسه‌تی ناوخۆیی حزبێك ڕێككه‌وتنی نێوان پارتی و یه‌كێتی ده‌خاته‌ به‌رده‌م مه‌ترسییه‌وه

باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق پەیامێک ئاراستەی سەرۆکی نوێی ھەرێمی کوردستان دەکات و رایدەگەیەنێت، کە جێی داخە سیاسەتی ناوخۆیی حزبێک رێککەوتن دەخاتە بەر مەترسی.

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٨-٥-٢٠١٩، پەرلەمانی کوردستان بە زۆرینەی دەنگ، متمانەی بە نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان وەک سەرۆکی نوێی ھەرێمی کوردستان بەخشی.

دوای ھەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی بە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، رامۆن بلێکوا، باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق، لە ھەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، پەیامەکەی بڵاو کردووەتەوە.

لە پەیامەکەیدا، رامۆن بلێکوا وێڕای پیرۆزباییکردن لە نێچیرڤان بارزانی، رایگەیاندووە، ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ”ھەنگاوێکی گرنگە“ بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.

رامۆن بلێکوا ئاماژەی بە داخی خۆی لە دەنگنەدانی فراکسیۆنی یەکێتی بە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کردووە و رایگەیاندووە، ”جێی داخە سیاسەتی ناوخۆیی حزبێک ڕێککەوتنەکەی نێوان پارتی و یەکێتی دەخاتە بەردەم مەترسییەوە لە کاتێکدا کە ھەرێمی کوردستان پێویستی بە توافوق ھەیە“‌.

ھەرچەندە پێشتر سەرکردایەتیی پارتی و یەکێتی رێککەوتبوون، بەڵام فراکسیۆنی یەکێتی بەشداریی کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی لە دانیشتنی ھەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی، نەکرد.

Back to top button