چینوتوێژەكانی سۆران: نێچیرڤان بارزانی كاری زیاتر دەكات بۆ كوردستانێكی بەهێز
چینوتوێژەكانی سۆران، سەبارەت بە هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەڵێن، هەروەك چۆن نێچیرڤان بارزانی لە سەرۆكایەتیكردنی حكوومەتدا رۆڵێكی باڵای هەبوو لە چارەكردنی كێشەكان و توانی قەوارەی هەرێمی كوردستان بپارێزێت و زیاتر پێشی بخات، لە سەرۆكایەتیكردنی هەرێمیشدا زیاتر كار بۆ كوردستانێكی بەهێز دەكات.
د. نیهاد مووسا، مامۆستای زانكۆ لە سۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتووه: “نێچیرڤان بارزانی بە دیپلۆماسیەتی خۆی توانی كوردستان لە كێشە و قەیرانەكان ڕزگار بكات، بۆیە پێمان وایە هەروەكچۆن نێچیرڤان بارزانی لە سەرۆكایەتیكردنی حكوومەتدا رۆڵێكی باڵای هەبوو لە چارەكردنی كێشەكان، لە سەرۆكایەتیكردنی هەرێمدا كاری زیاتر دەكات بۆ كوردستانێكی بەهێز و لەگەڵ بەغدا و دەوروبەریشدا زیاتر كار بۆ چارەكردنی كێشە و قەیرانەكان دەكات”.
هۆزان خوڕشید، چالاكوانی بواری سیاسی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: “پیرۆزبایی لە خەڵكی كوردستان دەكەم بە هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان، گەلی كوردستان ئومێدی بە نێچیرڤان بارزانی هەیە، چونكە هەموومان بینیمان چۆن لە كاتی هەبوونی كێشە و قەیرانەكان توانی قەوارەی هەرێمی كوردستان بپارێزێت و كوردستان زیاتر پێش بخات، بۆیە ئومێدمان هەیە كە لە داهاتوودا كوردستان زیاتر پێش دەخات، چونكە بە دیپلۆماسیەتی خۆی توانی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا چارە بكات، هیوادارین هەموو لایەنەكان پشتگیری و پشتیوانیی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بكەن، بۆ ئەوەی زیاتر كوردستان ئاوەدان و پێش بخات”.
فاتیمە رەسووڵ، هاوسەری شەهید، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژەی بهوه دا: “بە بۆنەی هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان، كە ئەندازیاری ئاوەدانكردنەوەی كوردستانە، پیرۆزبایی لە كەسوكاری شەهیدان و هەموو پێشمەرگە قارەمانەكان دەكەین، لە كاتی قەیرانی دارایی و شەڕی داعش، هەم كوردستانی پاراست، هەمیش قەیرانی دارایی تێپەڕاند و بە دیپلۆماسیەتی خۆی كوردستانی لە كێشە و قەیرانەكان ڕزگار كرد”.
سەروان شاكر، قوتابیی زانكۆی سۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: “نێچیرڤان بارزانی رۆڵێكی زۆر باشی هەبوو لە پاراستنی قەوارەی هەرێمی كودستاندا، ئێستاش كە بووەتە سەرۆكی هەرێم، بە دڵنیاییەوە كار بۆ ئەوە دەكات كوردستان رۆژ بە رۆژ پێش بكەوێت و كوردستانێكی بەهێز بنیات بنێت”.