پەرلەمانی کوردستان پڕۆژەیەك بۆ ڕەوەندی كوردستانی ئامادە دەكات
لیژنەی پێوەندییەكان و ڕەوەندی كوردستانی لە پەرلەمانی كوردستان سەرقاڵی ئامادەكردنی پڕۆژەیەكە بۆ ڕەوەندی كوردستانی و دوێنێ لە كۆبوونەوەیەكدا تاوتوێی ئەوەی كردووە.
بەگوێرەی هەواڵێكی ماڵپەڕی پەرلەمانی كورستان، تەوەری سەرەكیی كۆبوونەوەكە لەسەر ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای ڕەوەندی كوردستانی بوو كە لە كۆبوونەوەكانی ڕابردوو لیژنەیەكی لاوەكی دروستكرا بۆ ئامادەكردنی ئەم ڕەشنووسی یاسایە و ئێستە ئامادە كراوە.
روونیشكراوەتەوە كە ئامانج لە ئامادەكردنی ئەم ڕەشنووسی پڕۆژەیە ئاشنابوونە بە ماف و پابەندییەكانی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان كە لە وڵاتە جیاجیاكانی دنیا نیشتەجێن.
لە ناوەڕۆكی هەواڵەكەدا ئاماژەیش بەوە كراوە كە بەمەبەستی دەوڵەمەندكردنی ڕەشنووسەكە لیژنەی لاوەكیی پێوەست بەكارە لۆجیستی و هونەرییەكان ڕاسپێردراوە بۆ دانانی میكانیزمی گونجاو بۆ سازكردنی وۆركشۆپ و كۆنفڕانس و لەداهاتوودا لەڕێگەی نوێنەرایەتییەكانی حكوومەتی هەرێم لە وڵاتانی دەرەوە.