پەیامێك لە سەرۆك بارزانییەوە بۆ ڕای گشتی

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

سووتاندنی دەغل و دانی هاووڵاتیانی كورد لە ناوچەكانی ماددەی 140 و هەروەها كوشتن و ئازاردان و برینداركردنی خەڵكی كورد لەو ناوچانەدا كە ماوەیەكە بووەتە دیاردە و ڕۆژانە ئەنجام دەدرێت، تاوانێكی گەورە و زوڵمێكی ئاشكرایە لە هاووڵاتیانی بێتاوانی كورد دەكرێت.

ئەوەی لەو ناوچانە دەگوزەرێت پێشێلكردنی یاسا و دەستوور و بەهاكانی مرۆڤایەتیە و زەنگی مەترسیشە بۆ ژیانی خەڵك و داهاتووی ئەو ناوچانە. ئەم زوڵمەی كە ڕۆژانە دەكرێت، سزادان و هەڵتەكاندنی خەڵكە لەسەر ناسنامەی نەتەوەیی .

سەپاندنی ئەو دۆخە بەسەر جووتیاران و خەڵكی سڤیلی ئەو ناوچانە بە هیچ شێوەیەك جێگەی قبوڵكردن نییە و پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لایەنە پەیوەندیدارەكان لەسەر ئەو بارودۆخە نالەبارە بێنە دەنگ و حكوومەتی عێراقیش دەبێ بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت و كۆتایی بەو ستەم و یاساشكێنیە بهێنێت كە لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیداری هەرێم لەدژی هاووڵاتیانی كورد ئەنجام دەدرێت.

مسعود بارزانی
30ـی 5ـی 2019

Back to top button