وادەی ڕاسپاردنی سەرۆکی حکومەت ئاشکرا دەبێت
دوای ئەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەڵبژێردرا، سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان وادەی سوێندخواردنی سەرۆكی هەڵبژێردراوی هەرێم ئاشكرا دەكات و ئەوەش دەڵێت: “لەهەمان رۆژدا كاندیدی سەرۆك وەزیرانی هەرێم كە لەپشكی پارتییە رادەسپێردرێت بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم”.
بژار خالید سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، بەپێی یاسا دوای 7 رۆژ لە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم پێویستە سوێندی یاسایی بخوات و بەفەرمی دەست بەكاربێت بەمەرجێك پشوو لە رۆژەكاندا نەبێت، باسی لەوەشكرد، بڕیارە رۆژی 10ی حوزەیرانی 2019 نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەڵبژێردراوی هەرێم لە بەردەم پەرلەمانتاران سوێندی یاسایی بخوات.
ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی: “هەر لە رۆژی 10ی حوزەیران دوای سوێند خواردنی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەڵبژێراوی هەرێم، مەسرور بارزانی كاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران رابسپێرێت بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم”.