سەرۆك بارزانی بە توندی ئیدانەی كردەوە تیرۆریستییەكانی شاری كەركووك دەكات

 

بەناوی خودای بەخشندەی میهرەبان

بە داخێكی زۆرەوە لە شەوی پێنجشەممە 30ـی 5ـی 2019 لە ئەنجامی زنجیرە تەقینەوەیەكی تیرۆریستی لە شاری كەركووك ژمارەیەك هاووڵاتی شەهید و ژمارەیەكی تر بریندار بوون. وێڕای ئەوی زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو كردەوە تیرۆریستیانە دەكەین، سەرەخۆشییش لە كەسوكاری قوربانیانی ئەو ڕووداوە تیرۆریستییە دەكەین و هیوای چاكبوونەوە بۆ بریندارن دەخوازین. داوایش حكوومەتی عێراقی دەكەین بە زووترین كات ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە ئاشكرا بكرێن و بە سزای خۆیان بگەیێندرێن.

ئامانجی تیرۆر تێكدانی پێكەوەژیانی پێكهاتەكانی كەركووكە و مەترسییەكی گەورەیە لەسەر ژیانی هاووڵاتیان و ئاسوودەیی خەڵك. بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی تیرۆریش بە تایبەت لە شاری كەركووك پێویستە كاری هاوبەش و هەماهەنگیی تەواو لەنێوان هێزی پێشمەرگە و دامودەزگەی هەرێم و حكوومەتی عێراق هەبێت. ئەوەیش لەپێناو بنبڕكردنی هەڕەشەی تیرۆر و پاراستنی پێكهاتەكان و گەڕاندنەوەی كەركووك بۆ دۆخی ئاسایی خۆی.

مسعود بارزانی

31ی 5ـی 2019

Back to top button