عارف روشدی: تەعریب و سوتاندنی دەغلودانی هاوڵاتیانی کورد لە کەرکووک ، بەرهەمی کەتنە سەرشۆڕانەکەی ۱٦ـی ئۆکتۆبەرە
دوای خیانەتی ۱٦ـی ئۆکتۆبەرو داگیرکردنی کەرکووک لەلایەن حەشدێ شەعبی و سوپای پاسداران، جگە، تعریبکردنی کورد لەکەرکووک و دەورووبەری لە ئێستادا، دەستیان داوەتە سوتاندنی دەغلودانی هاوڵاتیانی کورد، راوێژكارێکی مەكتەبی سیاسیی پارتیش رایدەگەیێنێت ئەوەی ئێستا لە كەركووك روودەدات، ئەنجامی كەتنە شووم و سەرشۆڕانەكەی 16ی ئۆكتۆبەرە.
عارف روشدی راوێژكاری مەكتەبی سیاسیی پارتی لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) نووسیویەتی “لە کەسی خاوەن ویژدان و دیدى نیشتیمانی شارەوانە نیە كە ئەوەى ڕووبەرووى گەلەکەمان دەبێتەوە لە کەرکووک و ناوچە كوردستانیەکانى دیکەى دەرەوەى ئیدارەی هەرێمی كوردستان، دەرەنجامى کەتنە نیشتمانییەکەى 16ى ئۆکتۆبەرى شووم و سەرشۆڕانەیە”.
راوێژكارەكەی مەكتەبی سیاسیی پارتی دەشڵێ چارەسەرى کێشەکە لەوەدایە سەرجەم هێزە سیاسییە نیشتمانپەروەرەکان، هاوشانى جەنابی سەرۆک بارزانى و دەزگا فەرمییەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە دەزگاى سەرۆکایەتى، حکومەت و پەرلەمانەوە، هاوئاهەنگ بن بە هەڵوێستێکى کوردانە و کوردستانیانە لەسەر ئاستى دەزگا نێونەتەوەیی و عێراقیەكان، تا بە رێکارە یاسایی و دەستورییەكان هەنگاوى پێویست بنرێ لە پێناو رووبەرووبوونەوەى ئەنجامدەرانى کردەوە قێزەونەکانى تەعریب، راگواستن و سوتاندنى دەغڵودانى کوردان، بۆ دانانى سنوورێک بۆ ئەم ملهوڕییە.
جێی باسە چەند رۆژێكە پرۆسەی شۆڤێنیانەی تەعریب لە ناوچە كوردستانیەكان چووەتە قۆناخێكی نوێوە كە بریتیە لە سووتاندنی دەغڵودانی كوردان و داگیركردنی زەوییەكانی كوردان.