پارتی: دەقی ڕێككەوتنەكەمان لەگەڵ یەكێتی بڵاو دەكەینەوە

گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرای دەكات، هەنگاوەكانی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و پێكهێنانی حكوومەت ڕاناوەستێت و دەقی ڕێككەوتنەكەشمان لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان بڵاو دەكەینەوە.

ئەمڕۆ شەممه‌ مەحموود محەمەد گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، پێشتر دوو ڕێككەوتنمان لەگەڵ یەكێتی واژوو كردووە، بەڵام لە ڕێككەوتنەكە كشانەوە.

کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەی گوتەبێژی پارتی دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی ئەو حزبە هات کە لەبارەی پرسی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و دۆخی پیکهێنانی حکوومەت گفتوگۆ کرابوو و ئاماژەی بەوەدا، لە کۆبوونەوەکەدا بەباشمان زانی سەرۆک مەسعود بارزانی و کۆسرەت رەسوڵ دەسەڵێ‌تی تەواوەتییان پی بدرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە کوردستانییەکان.

زیاتر روونی دەکاتەوە، ئێمە سیاسەتی ددان بەخۆداگرتنمان گرتووەتە بەر، لە پێنجی ئادار ڕێككەوتنێكی تریشمان لەگەڵ یەكێتی واژوو كرد و بڕیاربوو ئەوانیش بەشداربن لە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەڵام كشانەوە.

مەحمود محەمەد دووپات لەوەیش دەکاتەوە، لە چەند ڕۆژی داهاتوو دەقی هەردوو ڕێككەوتنەكە بڵاو دەكەینەوە کە لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان كردوومانە.

“پێكهێنانی حكوومەت لەكاتی  خۆیدا دەبێت و سوێند خواردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەكاتی خۆیدا بەڕێوە دەچێت، بۆیە یەكێتی ئەگەر بەڕێككەوتنەكە ڕازی نەبوو دەبوو زووتر قسەیان بكردایە، بۆ دیاریكردنی وەزیرەكانی پارتیش لەگەڵ داواكردنی ناوەكان ناوی وەزیرەكانی پارتی ئامادەیە و ڕادەست دەكرێت”.

پێوەست بەكێشەی كەركووك گفتوگۆ بۆ سەرۆك بارزانی و كۆسرەت رەسووڵ جێهێڵدراوە و ئەوەیش گفتوگۆیان لەسەر كردووە، بۆیە ئەگەر یەكێتی كێشەی ناوخۆی هەیە، ئەوا نابێت ئێمە هەموو شتێك بۆ بەرژەوەندی ئەوان بەلاوە نێین.

 

Back to top button