ڕێبوار تاڵه‌بانی: هۆشداری ده‌دات خەڵكی كەركووك چیتر تەحەمولی ئه‌م دۆخه‌ ناكات

رێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموركاتی كوردستانی ڕاگەیاندووه‌: خەڵكی كەركووك چیتر تەحەمولی دۆخی ئێستای شارەكە ناكات، بۆیە ئەگەر حكوومەت چارەسەری نەكات، خۆیان دۆخەكە چارەسەر دەكەن. دەشڵێ، پێویستە كورد لە بەغدا یەكڕیز بێت و سنوورێك بۆ ئەو كێشانە دابنرێت.  “لە دوای روداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر، كەركووك بە بارودۆخێكی نایاساییدا تێپەڕ دەبێت و كەس خۆی ناكاتە خاوەنی، چونكە پێشتر پێشمەرگە و ئاسایش و پۆلیس ھەبوو و ئێستا ئەوانە لەوێ نەماون و حكوومەتی عێراقیش خۆی لێ ناكاتە خاوەن”.

تاڵەبانی گوتیشی: “بینیمان سەردەمی خۆی رژێمی بەعس چۆن خەڵكی ئەشكەنجە دەدا و دواتر چارەنووسی چی بوو، خەڵكی كەركووكیش چیتر تەحەمولی دۆخی ئێستا ناكات و چاوەڕێ نابێت تا حكوومەت كێشەكان چارەسەر بكات، بۆیە ئەگەر وا بروات، خۆیان كێشەكان چارەسەر دەكەن. ناوبراو باسی لەوەش كرد، بە ھۆی ئەوەی كەركووك وەكو سەربازگەیە و عەسكەرتارییەت پەیڕەو دەكرێت، لە ئێستادا پارێزگاریش دابنرێت ھیچ سوودێكی نابێت، بۆیە پێویستە دۆخی كەركووك ئاسایی بكرێتەوە، ئینجا پارێزگار دابنرێت.

سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك ڕوونیشی كردەوە، كاتی خۆی داعش كۆتایی نەهاتبوو و حكوومەتی عێراق بەئەنقەست باسی لەوە كرد كە داعش كۆتایی پێ هاتووە و سەركەوتنیان راگەیاند، بەڵام درۆ بوو و ئەمڕۆ جارێكی دیكە سەریان ھەڵداوەتەوە، دەشڵێ، حكوومەتی عێراق پێی خۆشە دۆخەكە وا بێت، بۆ ئەوەی كورد كەم ببێتەوە، بۆیە پێویستە كورد یەكڕیز بێت و نوێنەرانی كورد لە بەغدا كۆ ببنەوە و بەپێی دەستوور كێشەكان چارەسەر بكەن و سنوورێكیش بۆ ئەو كێشانە دابنێن، چونكە كۆبوونەوەی سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق ھیچ سوودێكی نابێت.

 

Back to top button