عەمید ئیدریس رەفعەت: كەركووك لە ئێستادا بێ خاوەنە
دوای ئەوەی رۆژانی رابردوو زنجیرەیەك تەقینەوە شاری كەركووكیان هەژاند، لە ئێستادا ھاووڵاتیانی ئەو شارە زیاتر ھەست بە مەترسی دەكەن، بەڕێوەبەری ئاسایشی كەركووكیش دەڵێ، بەغدا دەیەوێ ھێزی زیاتر رەوانەی كەركووك بكات و مەبەست لە تێكدانی رەوشی ئەمنیش، ھەر بۆ ئەوەیە.
عەمید ئیدریس رەفعەت، بەڕێوەبەری ئاسایشی كەركووك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاندووه: كەركووك لە رەوشێكی ئەمنیی زۆر خراپدایە و داعش دەستی بە جووڵە كردووە، كە لە دەوروبەری كەركووك بە شێوەی مەفرەزە لە بەھێزیدایە و لە ناو سەنتەری شاریش شانەی نووستووی ھەیە، هەروەها تەقینەوەكانی رۆژی پێنجشەممەی رابردووش، نیشانەی ئەوەن كە كەركووك لە ئێستادا شارێكی بێ خاوەنە.
ئێوارەی پێنج شەممەی رابردوو، زنجیرەیەك تەقینەوە لە نێو سەنتەری شاری كەركووك روویان دا و لە ئەنجامدا چوار ھاووڵاتی شەھید بوون و زیاتر لە ٢٠ كەسیش بریندار بوون، بەڕێوەبەری ئاسایشی كەركووك گوتی: لە شەوی تەقینەكەوەی كەركووكدا ئۆتۆمبێڵێك بە ئاشكرا و لەبەرچاوی كامێرا دەگەڕێت زەرعی بۆمبە چێندراوەكان دەكات، خەڵكی كەركووك ھیچ متمانەیەكیان بە دەزگا ئەمنییەكانی كەركووك نەماوە و ئەوانیش توانای كۆنتڕۆڵكردنی رەوشی ئەمنیی كەركووكیان نییە.
عەمید ئیدریس ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: مەبەستی كۆنتڕۆڵنەكردنی رەوشی ئەمنیی كەركووك دیارە و لەبەر ئەوەش دەیانەوێ بەردەوام دۆخەكە ئاڵۆز بێت، تا ھێزی زیاتر رەوانەی كەركووك بكرێت بە بیانووی تێكچوونی رەوشی ئەمنی، ئەمەش بووەتە ھۆكار بۆ ئەوەی كوردەكان ناوشاری كەركووك جێبێڵن.