بەشیر حەداد داوای لێكۆڵینەوە لە ڕووداوی سووتاندنی كێڵگە و زەوییە كشتوكاڵییەكان دەكات
ئهمڕۆ یهك شهممە دووى حوزهیران، له ڕاگهیاندراوێكى نووسینگهى تایبهتى جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران، وێنهیهكى بۆ “وشه” تێدا هاتووه، سووتاندنی كێڵگە كشتوكاڵییەكانی چەندان شوێنی عێراقی ئیدانە كردووه، بەتایبەتی لە كەركووك و ناوچە كێشە لەسەرەكان و ئەو كردارەیشی بە تاوانێك بۆ بە ئامانجكردنی قووت و داهاتی خەڵك لە قەڵەمدا، هاوكات بە هەوڵێكی نەزۆك و بێ ئومێدانەی وەسف كرد بۆ تێكدانی ئاسایش و سەقامگیری وڵات.
دكتۆر بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران له ڕاگهیاندراوهكه ڕوونیشى كردووهتهوه كه، سووتاندنی بەروبوومی كشتوكاڵ و زەوی كشتوكاڵی هاووڵاتییان لە ناوچە كێشەلەسەركان و هەموو پارێزگاكانی تر زەرەرێكی زۆر گەورە بە ئاسایشی خۆراك دەگەیەنێت و بەهیچ شێوەیەك جیاوازی لەگەڵ كردارە تیرۆریستیەكان نییە و بەشێوەیەكی نێگەتیڤانە كاریگەری لەسەر ئابووری نیشتیمانی دەبێت لە كاتێكدا كە هەموومان چاوەڕوانی زیادبوونی بەروبوومی كشتوكاڵی بووین دوای وەرزی دروێنە و ئەو بارانەی بەسەر عێراق دا باری لە وەرزی زستانی ڕابردوودا، بەڵام بەداخەوە دیارە كەسانێك هەن دەیانەوێ ڕەوشی ئابووری وڵات تێكبدەن.
بەشیر حهداد له كۆتایدا داوای لە حكوومەتی فیدراڵ كرد بەپەلە شانەی قەیران پێكبهێنێت لە دەزگا تهناهییهكان و هەموو دەزگا پێوەندیدارەكان بۆ گەڕان بەدوای ئەنجامدەرانی ئەم تاوانانە و دانانی سنوورێك بۆ ئەم كارەساتانەی بەسەر هاووڵاتییانەوە دێت و ئاشكراكردنی ئەو لایەنانەی لەپشتی ئەنجامدانی ئەم تاوانە ترسنۆكانە دەوەستن تا سزایان بدەن و سەروەری یاسا بەبێ جیاوازی بەسەر هەمووان دا زاڵ بێت.
دوای ڕووداوهكانى 16ی ئۆکتۆبەری ساڵى 2017، ئەو عەرەبانەی لە سنوورەکە نیشتەجێن یان هاوردهى ناوچهكه كران، داوادەکەن زەوی کوردەکانیان پێ بدرێتەوە بهبیانووەی شهوهى پێش ساڵى 2003 ئەوان خاوەندارێتی زەوییەکانیان کردووە، هاووڵاتییانى كوردى ڕهسهنى ناوچهكهیش دەڵێن هاتنی ئەو عەرەبانە پێش ساڵى 2003 بەهۆی تەعریبەوە بووە و زەوییەکان لە بنەماوە هی کوردن و بهڵگهنامهى فهرمییان ههیه.