دۆخی ئەمنی شاری کەرکوک و چەند پارێزگاێکی عێراق بەرەو ئالۆزی دەچێت
ھەرچەندە ھێزە ھاوبەشەكانی عێراق، بەردەوام پرۆسەی سەربازی و ئەمنی، لە ناوچە جیاجیاكانی وڵات ئەنجام دەدەن، بەڵام تا ئێستا دۆخی ئەمنی لە چەندین پارێزگا ناجێگیرە.
لەبارەی تەقینەوەكانی ئەم دواییەی كەركووك و ئاڵۆزییەكانی شارەكەش، سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، داعش تاكە مەترسی كەركووكییەكان و عێراقە بەگشتی.
سەرەڕای پرۆسە بەردەوامەكانی ھێزە ھاوبەشەكانی عێراق، لە ناوچە جیاجیاكانی وڵات، بۆ سەپاندنی دۆخی ئەمنی، بەڵام تا ئێستا چەندین پارێزگای وەك، كەركووك، سەڵاحەدین، دیالە، ئەنبار و نەینەوا، دۆخی سەقامگیرییان بەخۆوە نەبینیووە.
ھەر لەبارەی تەقینەوەكانی ئەم دواییەی شاری كەركووك و ئاڵۆزییەكانی شارەكە، عادل عەبدولمەھدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئۆباڵی ھەموو ئەمانە دەخاتە ئەستۆی داعش و راشیگەیاند “ناكۆكی نێوان پێكھاتەكان ھەرچەندێك بن، قابیلی چارەسەركردنن”.
عادل عەبدولمەھدی، گوتی: “داعش تاكە دوژمنە لە كەركووك، لە سەڵاحەدین و دیالە و ناوچەكانی دیكەی عێراق، ھەر جیاوازییەك لەبیرو بۆچوونەكانمان ھەبێت، ھەموویان قابیلی چارەسەركردنن، جیاوازی ھەیە لە بیروبۆچوونی سیاسی، لە كەلتوری جیاجیای پێكھاتەكان، بەڵام نابێت، جیاوازییەكان زیاتر لە قەبارەیان گەورەتر بكەین”.
دۆخی پارێزگا ھاوسنوورەكەی كەركووكیش، دیالە زۆر باشتر نییە. سادق حوسەینی سەرۆكی لیژنەی ئەمنی لە پارێزگای دیالە، داوای لە حكوومەتی بەغدا كرد، ھێزی زیاتر رەوانەی پارێزگاكەیان بكات، بە تایبەت دوای زیادبوونی كردەوەكانی داعش، لە ناوچەكانی گوندی ئەبو خەنازیر سەربە شارەدێی ئەبی سەیدا، كە لە چەند رۆژی رابردوودا 6 كەس لەو ناوچەیە كوژران و 4 كەسی دیكەش برینداربوون.
سەبارەت بە ئەنباریش، سەرچاوەیەكی ئەمنی عێراق رایگەیاند، لە بۆردوومانێكی فڕۆكەكانی ھاوپەیمانان، بۆ سەر ناوچەیەكی رۆژھەڵاتی قەزای روتبە لە رۆژئاوای پارێزگاكە، 4 چەكداری داعش كوژران، ھاوكات لە باكووری بەغداش 3 كەس بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیركران، كە نیازی ئەنجامدانی تەقینەوە و كردەوەی توندوتیژییان ھەبووە.