دوای پارتی، یەكێتیش داوای لە میدیاكانی كرد دووركەونەوە لە نووسینی گرژ
دوای ئەوەی وتەبێژی پارتی رایگەیاند:” بە ئەمری جەنابی سەرۆك بارزانی میدیایی پارتۆ دووردەكەوێتەوە لە نووسینی گرژ”، مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاگاداری سەرجەم دەزگا و راگەیاندنەکانی کردەوە “هەرچی پێویستە بۆ پاراستنی یەکڕیزیی و یەبایی خەڵکی کوردستان ئەنجامیبدەن”.
لە راگەیێندراوێکدا، مەکتەبی سیاسیی یەکێتی پیرۆزبایی جەژن لە خەڵکی کوردستان دەکات و دەڵێت “ئەم بارودۆخە هەستیار و مەترسیدارەی كوردستان و ناوچەكەی پێدا گوزەردەكات، وادەخوازێت گەلی كوردستانیش ئامادەباشی تەواوی هەبێت بۆ سەرجەم ئەگەرەكان و رووداوە پێشبینیكراوەكان. پێویستە لە بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی نیشتمانیمان گیانی تەبایی و یەكڕیزیی بپارێزین، نەك سەنگەر لە یەكگرتن و تەخوینكردنی یەكدی و فراوانكردنی دەلاقەی ناكۆکییە سیاسییەكانی نێوانمان”.
مەكتەبی سیاسی یەكێتی سەرجەم دەزگاكانی راگەیاندنی خۆی ئاگاداركردووەتەوە “هەرچی پێویستە بۆ پاراستنی ئەو یەكڕیزیی و تەباییەی خەڵكی كوردستان ئەنجامیبدەن، دووربكەونەوە لە وەڵامدانەوەی هێرش و پەلاماری ناڕەوای چ لایەنێك كە بیەوێت ئاشتی كۆمەڵایەتی تێكبدات و شەڕی راگەیاندن بەرپابكات”.
ئەوەش لەکاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند ”لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و لەسەر ئەمری جەنابی سەرۆک بارزانی، لە ئەمڕۆوە هەموو جۆرە گوتار و نووسینێکی گرژ لە تەواوی دامودەزگاکانی پارتیمان یەک لایەنانە رادەگیرێ”.
مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان راشیگەیاند “ئەم بارودۆخە هەستیارەی ناوچەکە و عێراق بەگشتی و، کوردستان بە تایبەتی، کەشێکی ئارام و تەحەمول و لەخۆبردوویی زیاترمان لێ دەخوازێت، بەداخەوە لە ئاکامی گوتار و نووسینی پێشتری چەند کەسێکی باڵا دەست و بەشێک لە راگەیاندنەکانی یەكێتیی نیشتمانی کوردستان کە بە زمانی زبر و دوور لە ئەتەکێتی سیاسی و راگەیاندن هێرشیانکردە سەر کەسایەتی و پارتیشمان، گرژی لە راگەیاندنەکانەوە دروستبوو”.