نێچیرڤان بارزانی و بەرهەم ساڵح پەیوەندیەكی تەلەفۆنیان ئەنجامدا

 

كەمێك بەر لە ئێستا بە مەبەستی تاوتوێكردنی دۆخی ناوچەكە و بانگهێشتكردنی بۆ پرۆسەی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێم و جەژنە پیرۆزە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەڵبژێردراوی هەرێمی كوردستان و بەرهەم ساڵح پەیوەندیەكی تەلەفۆنیان ئەنجامدا.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەڵبژێردراوی هەرێمی كوردستان لە پەیوەندییە تەلەفۆنیەكەی لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەركۆماری عێراق، وێڕای بە فەرمی بانگهێشتكردنی سەركۆمار بۆ ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێم، هەردوولا دۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە و هەرێمی كوردستانیان تاوتوێ كرد.

لەو پەیوەندییە تەلەفۆنیەدا، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر بایەخی پاراستنی یەكڕیزی و هەماهەنگی لەم هەلومەرجە هەستیارەی كە ناوچەكە پێیدا تێپەڕ دەبێ، جەختیشیان كردەوە كە پێویستە هەوڵەكان یەكبخرێن لەپێناو تێپەڕاندنی ناكۆكیەكان و بەدوورگرتنی عێراق و هەرێمی كوردستان لە ئاڵۆزییەكان.

هاوكات سەركۆمار و سەرۆكی هەڵبژێردراوی هەرێم پێویستی هەماهەنگی و هاریكاری نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵیان لە قۆناخی داهاتوودا دووپات كردەوه ‌و پیرۆزبایی جەژنی ڕەمەزانیان لە یەكتر كرد، هیوایان خواست ئەم بۆنەیە ببێتە مایەی ئۆقرەیی و ئارامی و كۆتاییهاتنی قەیرانەكان.

هەروەها سەركۆمار پیرۆزبایی لە سەرۆكی هەڵبژێردراوی هەرێمی كوردستان كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست.

Back to top button