ئامارێكی نوێ لەبارەی كۆمەڵكوژی ئێزدییەكان دەخرێتەڕوو
نوسینگەی ئازادكردنی ئێزدییە رفێنراوەكان ئامارێكی نوێی بۆ كۆمەڵكوژیی ئەو پێكهاتەیە لەسەر دەستی داعش بڵاوكردەوە و رایگەیاند كەلە ساڵی 2014ەوە تائێستا، 360 هەزار ئێزدی ئاوارە بوون و نزیكەی هەزار و 300یشیان كوژراون.
لەو ئامارە نوێیەدا كە رۆژی دووشەممە نوسینگەی ئازادكردنی ئێزدییە فڕێندراوەكان بڵاویكردوەتەوە، هاتووە كە ئامارە نوێیەكە بۆ ماوەی نێوان 3ی ئابی 2014 بۆ 3ی حوزەیرانی 2019یەوە و لەلایەن نەتەوە یەكگرتوەكانیشەوە پشتڕاستكراوەتەوە.
لە ئامارەكەدا هاتووە كە پێشتر ژمارەی كوردانی ئێزدی 550 هەزار كەس بوون، بەهۆی داگیركارییەكانیش داعشیشەوە 360 هەزاریان ئاوارە بوون و لە ماوەی ئەو پێنج ساڵەشدا هەزار و 293 ئێزدیش كوژراون.
ئامارەكە باسی لەو منداڵە ئێزدیانەش كردوە كە بەبێ دایك یان باوك ماونەتەوە كە بەمجۆرەیە: منداڵی بێ باوك: هەزار و 759 منداڵ و منداڵی بێ دایك: 407 منداڵ و منداڵ كە نە دایكی ماوە نە باوك: 359 منداڵ، هاوكات نزیكەی 220 منداڵیش باوكیان تائێستا لە دەستی داعشدایە و بە گشتیش ژمارەكە دەكاتە دوو هەزار و 745 منداڵ.
سەبارەت بە گۆڕە بە كۆمەڵە ئاشكراكراوەكانیش، نوسینگەی ناوبراو ئاماژەی بەوەداوە كە تائێستا80 گۆڕی بەكۆمەڵ دۆزراونەتەوە، ئەمە جگەلە دۆزینەوە دەیان گۆڕی تاكە كەسی.