ڕوونكردنەوەیەك لە نووسینگەی ڕاگەیاندنی بارەگای بارزانی
ڕۆژی یەكشەممە 2ــی 6ـی 2019 عارف قوربانی نووسەر و ڕۆژنامەنووس دیداری لەگەڵ جەنابی سەرۆك بارزانی هەبووە و بیروڕا لەسەر بابەتی كەركووك و دانانی پارێزگار و ناوهێنانی بەڕێز فەرەیدوون عەبدوڵقادر ئاڵوگۆڕ كراوە. بەپێی وتەكانی بەڕێز عارف قوربانی خەراپتێگەییشتنێك لەسەر ئەو بابەتانە لای برادەرانی یەكێتی دروست بووە و لە میدیاكانیشدا خوێندنەوەی جۆراوجۆر بۆ ئەم بابەتانە كراوە. بۆ ڕوونتركردنی هەڵوێستی سەرۆك بارزانی لە مەسەلەی پارێزگاری كەركووك و ناوهێنانی بەڕێز فەرەیدوون عەبدولقادر و ڕەواندنەوەی هەر جۆرە خەراپ حاڵیبوونێك بە ڕای گشتیی كوردستان و گشت لایەك ڕادەگەیێنین كە:
یەكەم: ڕێككەوتنێكی زۆر ڕوون لەنێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان ئیمزا كراوە كە ڕێككەوتن لەسەر دانانی پارێزگارێك بۆ كەركووك هاوتەریب بێت لەگەڵ هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی تازەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ڕێككەوتنی سەرۆك بارزانی و بەڕێز كۆسرەت ڕەسوڵ لەسەر ناوی كەسێك ببێتە بنەمای ڕێككەوتنی پارتی و یەكێتی لەسەر كاندیدێكی هاوبەش بۆ پۆستی پارێزگار. ئەمەیش هیچ پەیوەندی بە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمەوە نەبووە و دیاریش نییە چۆن ئەو ڕێككەوتنە بەلاڕێدا بردراوە یان خەراپ تێگەییشتن لەسەر ئەو ڕێككەوتنە لای برادەرانی یەكێتی دروست بووە.
دووەم: ناوهێنانی بەڕێز فەرەیدوون عەبدولقادر بۆ پۆستی پارێزگاری كەركووك لەدوای ئەوە هاتووە كە لە لایەن كاك كۆسرەت ئەو داوایەی لێ كراوە. لەدوای ئەوەی سەرۆك بارزانی و كاك كۆسرەت سەرپشك كراون لە دانانی كەسێك بۆ پۆستی پارێزگاری كەركووك و سەرۆك بارزانی زانیویەتی كە كاك كۆسرەت داوای لە فەرەیدوون عەبدولقادر كردووە ببێتە پارێزگار، سەرۆك بارزانیش حەزی كردووە كەسێكی نیشتیمانپەروەری وەك فەرەیدوون عەبدولقادر ببێتە پارێزگار و بە پەسەند و شیاوی زانیوە. هەر بۆیەش بەڕێز د. فورسەت سۆفی ڕاسپاردووە كە سەردانی كاك كۆسرەت بكات و ڕەزامەندیی سەرۆك بارزانی لەسەر ئەو ناوەی پێ ڕابگەیێنێت. بەم جۆرە سەرۆك بارزانی و كاك كۆسرەت ڕەزامەند بوونە لەسەر ناوی بەڕێز فەرەیدوون. بۆیە جەخت دەكەینەوە كە بەڕێز فەرەیدوون داوای ئەو پۆستەی نەكردووە بەڵكو ئەوە كاك كۆسرەت و سەرۆك بارزانی بوونە كە لەسەر دانانی ئەو ڕێككەوتوون. بەڕێز فەریدوون عەبدولقادریش گوتویەتی نایەكەم چونكە ئەركێكی زەحمەتە بەڵام ئەگەر هاتنی من ببێتە هۆی خزمەتی كەركووك و چارەسەركردنی كێشەكان مانعم نییە.
سێیەم: بەهۆی بارودۆخی نائاسایی كەركووك و پێویستیی ئاساییكردنەوەی دۆخی ئەمنی و ئیداریی شارەكە و خزمەتكردنی خەڵكی كەركووك پێویستە پارێزگارێكی بەهێز دابنرێت كە جگە لە پارتی و یەكێتی، جێی ڕەزامەندیی لایەنەكان و كورد و توركمان و عەرەب و پێكهاتەكان بێت و ڕێككەوتنیش لەگەڵ حكوومەتی عێراقدا هەبێت. چونكە ئەوەی ببێتە پارێزگار و دەستەڵاتی پێویستی نەبێت و ڕەزامەندی لایەنەكانی لەسەر نەبێت، ناتوانێ خزمەتی خەڵكی كەركووك بكات و دۆخی كەركووكیش ئاسایی بكاتەوە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی بارەگای بارزانی
4ـی 6ـی 2019