عێراق لێژنەیەک بۆ زانینی زیانەکانی هەرێمی کوردستان لەکاتی بڕینی بودجە پێکدەهێنێت

 

دوای ئەوەی بەهۆی بڕیارێکی سیاسی لە چوار ساڵی رابردوو بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی، حکومەتی عێراق لە ئێستادا لەهەوڵی پێکهێنانی لێژنەیەکە بۆ بەدوا داچون و زانینی زیانەکانی بڕینی مووچه‌ی هه‌رێمی كوردستان،  له‌ لایه‌ن حكومه‌تی عێراق لە ساڵی 2014وە ھەتا ساڵی 2018 .

ساڵی 2014 بەبڕیارێکی سیاسی بەغدا بودجەی ھەرێمی کوردستانی بڕی.

میران محه‌مه‌د، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ كوتله‌ی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان رایگه‌یاند، بەغدا داوای پێکھێنانی لیژنەیەکی کردووە، بۆ ئەوەی زیانەکانی ھەردوولا لە ساڵی 2014 تاساڵی 2018 دیاریبکرێن.

گوتیشی: ئەو لیژنەیە ھونەری دەبێت و کورد و عەرەبی تێدا دەبێت.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌، لەسەدا سەد ھەرێمی کوردستان لە بڕینی بودجە زەرەرمەند بووە و بەغدا ھیچ زیانی نەکردووە

لە ساڵی 2014ەوە ھەرێمی کوردستان نزیکەی 48 ترلیۆن دینار زیانی بەرکەوتووە، بەڵام لە مانگی نیسانی ئەمساڵەوە و بەپێی رێکكەوتنێکی ھەرێم و بەغدا مانگانە لە بەغداوە بڕە پارەیەک وەک موچە بۆ فەرمانبەرانی ھەرێم ره‌وانه‌ ده‌كرێت.

دانا جه‌زا، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران له‌ كوتله‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان، رایگه‌یاند، ئه‌سته‌مه‌ به‌غدا بتوانێت قه‌ره‌بووی هه‌رێمی كوردستان بكاته‌وه‌، چونكه‌ خۆی 60 ملیار دۆلار قه‌رزداره‌.

Back to top button