تیمهكانى بەرگری شارستانی ھەولێر بەهانای جووتیارانی مووسڵ دەچن
بەرگری شارستانی ھەولێر بەهانای جووتیارانی مووسڵەوە دەچێت بۆ کوژانەوەی ئەو ئاگرەی لە دەغڵودانەکانیان کەوتووەتەوە.
بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی ئەو ئاگرەی کە لە سنوری ناحیەی گەیارەی سەر بە پارێزگای موسڵ کەوتووەتەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ناردنی تیمێکی بەرگری شارستانییەوە هاوکاریی پارێزگای مووسڵی کرد.
بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر رایگەیاندوە “لەسەر داوای پارێزگای مووسڵ و بە فەرمانی وەزیری ناوخۆیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تیمیکی بەرگری شارستانی ڕەوانەی موسڵ کراون، بە مەبەستی هاوکارییکردنی تیمەکانی بەرگری شارستانی پارێزگای مووسڵ بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو ئاگرەی کە لە ناحیەی گەیارە و دەوروبەری کەوتووەتەوە”.
شوان عەبدولقادر بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی هەولێر ئاماژەی بەوەداوە “ئەو تیمەی ڕەوانەیانکردووە، پێکهاتووە لە پێنج ئوتۆمبیل و ٢٥ کارمەندی ئاگرکوژێنەوەیان ڕەوانەی ناحیەی گەیارە کردووە، بە مەبەستی هاوکارییکرنی تیمەکانی بەرگری شارستانی ناوچەکە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو ئاگرەی لە دەغڵودانی ناوچەکە کەوتووەتەوە”.
بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی هەولێر ئەوەشی وتوە” ئاگرەکە کۆنترۆڵکراوە، بەڵام لەبەر مەترسی سەرهەڵدانەوەی هێشتا تیمەکانیان لە ناوچەی گەیارە ماونەتەوە”.