حكومەتی هەرێمی كوردستان بەتووندی ئیدانەی تیرۆر كردنی د. وشیار ئیسماعیل دەكات
خواكوڕك
شەوی سێشەممە 22-11-2016 لە گەڕەكی شادی شاری هەولێر، د. وشیار ئیسماعیل، مامۆستای ئایینی لە مزگەوتی عومەر بندیانی، لەلایەن چەند كەسێكی نەناسراوەوە بانگكراوەتە دەرەوە، لەبەردەم ماڵەكەی تەقەی لێكراوە و بە سەختی برینداربووە، دواتر لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.
هەر لەسەر ئەو تیرۆرە، لەراگەیاندراوێكدا حکومەتی هەرێمی کوردستان ئیدانەی تیرۆرکردنی دکتۆر وشیار ئیسماعیل دەکات و رایدەگەیێنێت “تیرۆركردنی د. وشیار ئیسماعیل كەسایەتیی ئاینیی و گوتارخوێنی مزگەوتی عومەر بندیان لە شاری هەولێر ئیدانە دەكەین، كە شەوی رابردوو لەلایەن چەند كەسێكی نەناسراوەوە لە ماڵەكەیدا بریندار كرا و دواتر لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا”.
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە کە “حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەم تاوانە بە كارێكی ترسنۆكانە دەزانێت كە مەبەست لێی درزخستنە نێو كۆمەڵگەی هەرێمی كوردستانە”.
حكومەتی هەرێمی كوردستان لەكاتێكدا سەرەخۆشی لە خۆی و كەس و كاری د. وشیار ئیسماعیل و هاوڕێ و هاوەڵانی دەكات، هەروەها داوا لە یەزدانی مەزن دەكات سەبر و ئارامی بە كەسوكاری ببەخشێت و راشیدەگەیێنێت “حكومەتی هەرێمی كوردستان دەزگا ئەمنی و پەیوەندیدارەكانی راسپاردووە بە زووترین كات تاوانبارانی ئەو كارە قێزەونە بدۆزنەوە و رادەستی یاسایان بكات تاوەكو بە سزای یاسایی خۆیان بگەن”.