تەقینەوەکانی ئەمڕۆی کەرکووک ٤ قوربانی و ٣ برینداری لێکەوتەوە

ئەمڕۆ لە ٣ تەقینەوەی جیاوازدا لە ناو شاری کەرکووک و دەوروبەری ئەو پارێزگایە، ٤ کەس گیانیان لەدەستدا و ٣ی دیکەش برینداربوون، کە زۆربەیان سەر بە ھێزەکانی پۆلیسی فدراڵ بوون.

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ بۆمبێکی چێندراو لە گوندی حەمدانییەی سەر بە قەزای حەوێجە بە ئۆتۆمبیلێکی سەر بە فیرقەی ٣ی پۆلیسی فیدراڵەوە تەقیەوە، لە ئەنجامدا ئەفسەرێکی پۆلیس بەناوی ئەحمەد ھادی حەمود و ھاووڵاتیێکی سڤیل، کە لە نزیک شوێنی تەقینەوەکە بوو، کوژران.

پێشتریش ھەر ئەمڕۆ لە راگەیەندراوێکدا شانەی راگەیاندنی ئەمنی ئاشکرایکرد، بەھۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراو لە نزیک گوندی سەعدوونییەی سەر بە پارێزگای کەرکووک، کە ھێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی کردە ئامانج، پۆلیسێک کوژرا و دووی دیکەش بریندار بوون.

ھەروەک لە ئەنجامی تەقینەوەیەکی دیکە لە گوندی ھاوچەرخی شاری کەرکووک، ھاووڵاتیێکی سڤیل کوژرا و ئەفسەرێکی پۆلیسیش بریندار بوو.

Back to top button