لە كۆتای ئەو هەفتەیە حكومەتی عادڵ عەبدولمەهدی تەواو دەكرێت

 

دوای تێپەڕینی زیاتر لە 8 مانگ بەسەر كابینەی نوێی حكومەتی عێراق, تا ئێستا كابینەكە بە تەواو پێكنەهیبَنراوە, بە پێی زانیاریەكان بڕیارە ئەم هەفتەیە دوا وادەبێت بۆ ناوزەندكردنی كاندیدانی ئەو وەزارەتانەی حكوومەتی عێراق, كە تا ئێستا پڕنەكراونەتەوە, بەڵام تا ئێستا پارتی و یەكێتی هیچ ڕێككەوتنێكیان لەسەر وەزارەتی داد نەكردووە.

لەمبارەیەوە ناسر هەركی، پەرلەمانتاری پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەدووری دەزانێت عەبدولمەهدی بتوانێت لە هەفتەی داهاتووش پێكهاتەی حكوومەتەكەی تەواو بكات، بەڵام دەشڵێت: ئەگەر ڕێكەوتن نەبێ عادل عەبدولمەهدی خۆی ئەو پۆستانە بە وەكالەت پڕدەكاتەوە، ئەمەش كاریگەری خراپی بۆ سەر پێگەی كورد لە بەغدا دەبێ.
رێباز بێركۆتی، كادیری پێشكەوتووی یەكێتی جەخت دەكاتەوە، ئەو پرسە پەیوەستە بە چۆنیەتی مامەڵەی كورد لەگەڵ بەغدا، بەڵام وەك ئاماژەی پێدا، بەهۆی ئەوەی پارتی و یەكێتی بە یەكدەنگی مامەڵە لەگەڵ بەغدا ناكەن، بۆیە حكوومەتی بەغدا توانیویەتی بەسەر پرسەكاندا زاڵ بێت.

هەروەها دەشڵێت: ناكۆكییەكانی كورد بوونەتە خاڵی لاوازی گفتوگۆكان، بۆیە ئەگەر بەمشێوەیە بەردەوام بێت، لە زیان زیاتر هیچی تر لەگەڵ بەغدا نادوورینەوە و نەك وەزارەتی داد، بەڵكو پێگەكانی دیكەش لەدەستدەدەین.

ئەمەش لەكاتێكدایە، نەك تەنیا كورد، بەڵكو سوننە و شیعەكانیش نەیانتوانیوە كاندید بۆ وەزارەتەكانی بەرگری و ناوخۆ لە كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی یەكلایی بكەنەوە، بەمەش پەیكەری حكوومەت نەیتوانیوە لەسەر بنكەكەی بوەستێت.

Back to top button