ریاڵ مەدرید ژمارەی درێسەکەی هازاردی ئاشکرا کرد

دوای راگەیاندنی گواستنەوەی ئیدێن هازار، ریاڵ مەدرید دەرگای فرۆشگاکانی یانەکەی بۆ فرۆشتنی درێسی یاریزانە نوێیەکەی کردەوە و ژمارەی سەر درێسەکەشی بۆ هەندێک کەس چاوەڕواننەکراو بوو.

یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی، شەوی هەینی بە رەسمی گواستنەوەی ئیدێن هازاردی بەلژیکی لە یانەی چێڵسیی ئینگلیزییەوە بۆ ریزی یانەکەی راگەیاند و چاوەڕوانیش دەکرێت رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو بە رەسمی بە دەزگاکانی راگەیاندن بناسێندرێت.

رۆژنامەی مارکای ئیسپانی بڵاویکردووەتەوە، نرخی درێسەکەی هازارد لە فرۆشگاکانی ریاڵ مەدرید بە 148 یۆرۆیە.

بەپێی ئەو وێنەیەی بڵاوکراوەتەوە، هازارد درێسی ژمارە 7 دەپۆشێت، کە وەرزی رابردوو ماریانۆ دیاز دەیپۆشی و پێشتریش ئەستێرەی یانەکە کریستیانۆ رۆناڵدۆ پێش رۆیشتنی بۆ یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی دەیپۆشی.

ئەمەش لەکاتێکدایە، پێشتر وا چاوەڕواندەکرا، هازاردی تەمەن 28 ساڵ، لە ریاڵ مەدرید هاوشێوەی یانەی چێڵسی و هەڵبژاردەی بەلژیکا، درێسی ژمارە 10 بپۆشێت، بەڵام لە ئێستادا ئەو ژمارەیە لەلایەن لۆکا مۆدریجی کرواتییەوە گیراوە.

Back to top button