بەشیر حه‌داد: دوو جار سەرۆك وەزیرانمان لە مەترسی ناوچە کوردستانییەکان ئاگادار کردووەتەوە

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی، تاوەکو ئێستا دوو جار سەرۆکوەزیرانمان لە دۆخی ناوچە کوردستانییەکان ئاگادار کردووەتەوە و دووای گەڕانەوەشمان بۆ بەغدا جارێکی دیکە کاری لەسەر دەکەین، ئەگەر چارەسەر نەکرێت دۆخەکە بەرەو خراپتر دەچێت.

د. بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاندووه‌: ماوەیەک پێش ئێستا دیدارێکمان لەگەڵ سەرۆکوەزیران ھەبوو و لە دۆخی ناوچە کوردستانییەکان ئاگادارمان کردەوە کە پێویستە بە زووترین کات دۆخەکە چارەسەر بکرێت، چونکە بەردەوام پەرە دەسەنێت و ئەگەر چارەسەر نەکرێت ناوچەکانی دیکەش دەگرێتەوە.

د. بەشیر خەلیل حەداد گوتیشی: سێیەم ڕۆژی جەژن جارێکی دیکە لە ڕێگەی نووسینگەکەیەوە سەرۆکوەزیرانمان ئاگادار کردووەتەوە و بڕیارە لە کاتی سوێندخواردنی سەرۆکی ھەرێمی کوردستاندا، ڕۆژی دووشەممە (١٠-٦-٢٠١٩) ئامادە بێت و لەوێش جارێکی دیکە ئاگاداری دەکەینەوە و ھەرکاتێکیش گەڕاینەوە بەغدا لە ١١ی ئەم مانگەوە جارێکی دیکە بەجددی کار لەسەر ئەو پرسە دەکەین.

حەداد ڕوونیشی کردەوە: ئەوانەی ئەو کارە دەکەن ناحەزانی کوردن و نایانەوێت ئەو ناوچانە ئارام و سەقامگیر ببن.

Back to top button