شاخەوان عەبدوڵڵا: مەترسییەكی زۆر گەورە لەسەر كەركووك ھەیە .. داعش گەیشتووەتە ناو كەركووك
ئەندامێكی شاندی دانوستانكاری پارتی بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك گوتی، مەترسییەكی زۆر گەورە لەسەر كەركووك ھەیە و ئێستا بە ھەوڵی پارێزگاری كەركووك، داعش خۆی خزاندووەتە ناو دامودەزگا حكوومییەكانەوە. دەشڵێ: لە چەند رۆژی داھاتوودا كۆبوونەوەیەكی گرنگمان لەسەر ئاستی باڵا لەگەڵ بەغدا ھەیە و ئومێد دەكەین دوایین كۆبوونەوە بێت و بگەینە رێككەوتن، ئەگەر نا رەنگە رێگای دیكە بگرینە بەر.
شاخەوان عەبدوڵڵا، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاندووه: كێشەكانی كەركووك دوو بەشن، بەشێكی ئەوەی كە داعش لە ناوچەكانی باشووری كەركووك و ناوچەكانی دیكە خۆی كۆكردووەتەوە و پێشتر لەبەر ھێزی پێشمەرگە و ھێزەكانی ئاسایش نەیاندەتوانی جموجۆڵ بكەن، بەڵام ئێستا نەك تەنھا لە دەوروبەری كەركووك ھەن، بگرە لەناو دامودەزگا حكوومییەكانی كەركووكیش داعش بوونیان ھەیە، كە بە ھەوڵی پارێزگاری كەركووك ئەو كارە كراوە، بۆیە مەترسییەكی گەورە لەسەر كەركووك ھەیە.
عەبدوڵڵا گوتیشی، جگە لە داعش، ھێزەكانی حەشدی شەعبی لەناو كەركووك دەستیان بە تاڵانكردن و دەستگرتن بەسەر ماڵوحاڵی كوردەكاندا كردووە، دەشڵێ: ئێمە بەردەوامین لە گفتوگۆكانمان لەگەڵ حكوومەتی عێراق بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك و دوایین كۆبوونەوە ٢١ی مانگی ڕابردوو ئەنجام درا و بڕیارە لە چەند رۆژی داھاتووشدا كۆبوونەوەیەكی دیكە لەسەر ئاستی باڵا ئەنجام بدرێت، بۆیە ئومێد دەكەین ئەم جارە دوایین كۆبوونەوە بێت و بگەینە ئەنجامێكی كۆتایی و دۆخی كەركووك ئاسایی بكرێتەوە، ئەگەر نا رەنگە رێگای دیكە بۆ چارەسەر كردنی ئەو كێشەیە بگرینە بەر.