فەرماندەیی گرووپی هێرشبەری ئەمریکی : ئێران تا ئێستا جووڵەیەکی وەهای نەکردووە پێویست بە کاردانەوەی ئێمە بێت
جان ڤید ، فەرماندەیی گرووپی هێرشبەری ئەمریکی و فەرماندەی پاپۆڕی ئابراهام لینکۆڵن لە نزیک کەنداوی عەرەب ، دەلێت هێزەکانی دەریایی ئێران تائیستا هەموو یاساکانی نێودەوڵەتیان لە بەر چاو گرتووەو جووڵەیەکی سەربازی وەهایان نەکردووە پێویست بە کاردانەوەی خێرای ئێمە بێت .
پاپۆڕی فڕۆکە هەڵگری ئابراهام لینکۆڵن ، لەگەڵ چەند کەشتی شەڕکەر سەر بەم هێزە ، لە دووای قسەکانی جۆن بۆڵتۆن ، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی، وەک کاردانەوەیەکی خێرا لە هەمبەر ئەگەری مەترسیەکانی ئێران ، لە گەڵ چەندین فڕۆکەی بۆمب هاوێژی ( بی –٥٢ ) خۆیان گەیاندە رۆژئاوای رۆژهەڵاتی ناوەراست ، بەڵام بۆڵتۆن وردەکاریەکانی ئەم مەترسیانەی ڕوون نەکردەوە .
بەڵام کەناڵی ( سی بی ئێس ) ی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد ، هەندێک زانیاری بەهێز لە سەر پلانەکانی ئێران بۆ هێرش کردنە سەر پاپۆڕ و کەشتیەکانی ئەمریکی لە( ئاوەکانی یەمەن و کەنداوی عەرەب ) لە ئارادایە و بەرێکردنی ئەم هێزانەش بەشێکی بۆ پاراستنی هێزەکانی ویشکانی ئەمریکایە لە عێراق و سووریا