پێشبینی دەكرێت خاوەنی بیرۆكەی دابەشكردنی عێراق ببێتە سەرۆكی ئەمریكا
لەگەڵ نزیك بوونەوەی وادەی سازادنی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمریكا لە ئێستادا لەسەر ئاستی ناوخۆی حزبەكانی ئەو وڵاتە كەمپین بۆ دیاری كردنی بەربژێرانی پارتەكانیان دیاری دەكرێت, لە ئێستادا ژمارەیەك كەس لە نێو دیموكراتەكان خۆیان كاندید كردووە بەڵام خاوەنی بیرۆكەی دابەشكردنی عێراق بەپێش كاندیدەكانی پارتی دیموكراتی ئەمریكا بۆ سەرۆكایەتیی وڵاتەكەی، دەكەوێت.
بەپێی دوایین راپرسی، جۆ بایدن، سیاسەتمەداری ئەمریكی %24ـی دەنگەكانی ویلایەتی ئیوای بەدەست دەهێنێت و و هەرسێ ركابەرەكانی دەنگێكی كەمیان هێناوە، بێرنی ساندەرز %16 و ئێلیزابێس وارن %15 و بێت بوتجیج %14ـی دەنگەكان بەدەست دەهێنن.
بڕیارە هەڵبژاردنی ناوخۆیی دیموكراتەكان لە ویلایەتی ئیوا بۆ دیاریكردنی كاندیدێك بۆ سەرۆكایەتیی ئەمریكا لە مانگی 2ـی 2020 ئەنجام بدرێت.
بە بوونی بە كاندیدی دیموكراتەكان، جۆ بایدن لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمریكا لە ساڵی داهاتوو ركابەریی دۆناڵد ترەمپی كاندیدی پارتی كۆماری و سەرۆكی ئێستای ئەمریكا دەكات، كە بڕیارە لە 18ـی ئەم مانگە (مانگی 6ـی 2019) بە فەرمی كاندیدبوونی خۆی رابگەیەنێت.
رۆژی پێنجشەممە 25-4-2019، جۆو بایدن، سیاسەتمەدار و جێگری سەرۆكی پێشووی ئەمریكا(جێگری باراك ئۆباما لە 2009-2017)، بە فەرمی كاندیدبوونی خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمریكا لە ساڵی 2020، راگەیاند.
لە ساڵی 2008، جۆ بایدن ( 78 ساڵ) بیرۆكەی دابەشكردنی عێراقی بۆ سێ هەرێمی كورد، سوننە و شیعە داهێنا و رایگەیاند، تەنیا ئەو دابەشكردنە كۆتایی بە كێشەكانی عێراق دەهێنێت.
بڕیارە لە مانگی 11ـی 2020، هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمریكا ئەنجام بدرێ و سەرۆكی ژمارە 46ـی ئەو وڵاتە هەڵبژێردرێت.