بینالی یەلدرم: ناوی كوردستان پیش كۆماری توركیا بوونی هەبووە
لەگەڵ نزیك بوونەوەی وادەی سازدانی هەڵبژاردنی دووبارە بۆ سەرۆكی شارەوانی ئیستەنبول,لە ئێستادا ململانێیەكی توند لە لایەن چەند بەر بژێرێك بەڕێوە دەچێت لە هەوڵی مسۆگەركردنی دەنگی كوردانی ئیستەنبۆلن, كاندیدی ئاكپارتی بۆ شارەوانی ئیستانبوڵ لە “48ەمین فێستیڤالی نان و پەنیر”لە دارستانی بەڵگرادی شاری ئیستانبوڵ رایگەیاند، ناوی كوردستان پێش كۆماری توركیا هەبووە.
لە وەڵامی ئەو رەخنانەی بەهۆی هێنانی ناوی “كوردستان” لە شاری دیاربەكری باكووری كوردستان ئاراستەی كرابوو، یڵدرم رایگەیاند: “وشەی كوردستان وشەیەكە، مستەفا كەمال ئەتاتورك پێش دامەزراندنی كۆمار، بۆ ئەو نوێنەرانە بەكاری ھێناوە كە بە مەبەستی بەشداری جەنگی سەربەخۆیی لە ناوچەكەدا ھاتوون”.
ئەو كاندیدەی ئەكەپە و سەرۆك وەزیرانی پێشووتری توركیا ئاماژەی بەوەشدا: “ھەموو ئەو خەڵكانەی لە بستێك خاكی ئەم وڵاتە دەژین ھاووڵاتی پلە یەكی ئێمەن. با ھیچ كەسێك ھەوڵی جیاكردنەوەی كوردەكان نەدات. ئێمە وەك گۆشت و ئێسك واین”.
28ی ئەم مانگە، 10 ملیۆن دەنگدەر لە شاری ئیستانبوڵ جارێكی دیكە دەچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك شارەوانییەكی نوێ، ئەمەش دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنی پێشوو، كاندیدی ئەكەپە پۆستی سەرۆك شارەوانی ئیستانبوڵی بە كاندیدی جەهەپە بە جیاوازییەكی كەم دۆڕاند.