جێگری پارێزگاری مووسڵ: بەفەرمی ئیدارەی مووسڵ داوای گەڕانەوەی پێشمەرگە دەکات

ئیدارەی پارێزگای نەینەوا بەفەرمی داوای گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ مووسڵ دەکات و بەرپرسێکی ئەو پارێزگایەش ئاشکرای کرد، داوایان کردووە نێو سەنتەری شار بە پۆلیسی ناوخۆ بدرێت و دەوروبەری مووسڵیش لە لایەن پێشمەرگە و سوپای عێراقەوە بپارێزرێت.

سیروان ڕۆژبەیانی، جێگری پارێزگاری مووسڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاندووه‌: تا ڕەوشی مووسڵ لە ڕووی ئەمنییەوە سەقامگیر نەبێت، ھیچ پلانێکمان سەرناگرێت، چونکە جووڵەی داعش لە مووسڵ زیادی کردووە و بەھۆی کەمیی ھێزی ئەمنی و سەربازییەوە لە سەنتەری مووسڵەوە تا دەگاتە ناوچەی شنگال و سنووری سووریا داعش دەستی بە جووڵە کردووە و پەرەی سەندووە.

جێگری پارێزگاری مووسڵ گوتی: “ئێمە داوامان کردووە پاراستنی ڕەوشی ئەمنیی نێو شاری مووسڵ بە پۆلیسی ناوخۆ بسپێردرێت و دەوروبەری مووسڵیش بە ھەمانگیی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا پارێزگاریی لێ بکرێت و ھێزێکی ھاوبەشی سوپا و پێشمەرگەی تێدا جێگیر بکرێت، پەیوەست بەوەی کە ئیدارەی مووسڵ بەفەرمی داوای گەڕانەوەی پێشمەرگەی بۆ مووسڵ کردووە، سیروان ڕۆژبەیانی ڕوونی کردەوە: “بەڵێ، بۆ ئەو شوێنانەی کوردستانین لە دەوروبەری مووسڵ ھێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە و مەلەفی پاراستنی ناوچەکە بە پێشمەرگە بدرێت.”

Back to top button