ئینستیتووتی خوێندنی کوردی له‌ بەرلین پیرۆزبایی له‌ نێچیرڤان بارزانی ده‌كات

سەرۆکی ئینستیتووتی خوێندنی کوردی له‌ بەرلین بەبۆنەی هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەڵبژێردراوی هەرێمی کوردستان کرد، کە ئەمە دەقەکەیەتی:-

برای بەڕێز و خۆشەویستمان کاک نێچیرڤان بارزانی
سڵاوتان لێبێت و لە خۆشی دابن..

جەژنى ڕەمەزانتان پیرۆز بێ و لەگەڵ ماڵومنداڵتاندا ھەمیشە لە خۆشی و بەختەوەریدا بن. لە دڵەوە پیرۆزبایی ھەڵبژاردنتان بە سەرۆکی کوردستان لێدەکەین و دەزانین، کە ئەرکێک یەکجار گەورەتان پێ سپێرراوە.

بێگومانین، سەرۆکێکى لێھاتوو دەبن و ئەو ڕێگایەی کە گرتووتانەبه‌ر لەسەری بەردەوام دەبن. وەک دەزانن، ئەوەی لە دەستى ئێمە بێ و ببێتە پشتگیریتان بۆ گەیاندنی ئەو نەتەوەیە بە کەناری ئارام و سەربەست و سەرفرازی، درێغی ناکەین و ئامادەین بۆ گشت کارێک، کە لە بەرژەوەندی نەتەوەکەماندا بێت.

وەک ئاگادارن، توانیومانە بە کاری زانست و ئەدەبی و فەرھەنگ و نووسینمان زمان و کلتووری کورد لە ئەورووپادا بەتایبەت لە زانستگاکاندا بگەیەنینە ئاستێک، کە ھاوشانى زمانەکان له‌ ڕۆژھەڵات ناوەڕاست، وه‌كو فارس و عەرەبی و توورک بێت.

پشتگیریتان بۆ ئەم کارانەمان و گەیاندنیان بە کوردی دانیشتووی ئەورووپا و نەوەکانیان، دەبێتە پردێکى پتەو و کورد لێک نزیک دەکاتەوە، كه‌ ھەستى نەتەوەیی و نیشتمانپەروەرییان تێدا پەروەردە دەکات.

دووبارە پیرۆزباییتان لێدەکەین و سەرکەوتنتان بە دڵ بۆ دەخوازین.

فەریاد فازیل
دامەزرێنەر و سەرۆکى ئینستیتووتی خوێندنی کوردی له‌ بەرلین

تێزانین سبه‌ى دووشه‌ممه‌ به‌ ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌كی زۆری میوانانی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ ، رێوڕه‌سمی سوێندخواردنی سه‌رۆكی ھه‌رێمی كوردستان به‌رێوه‌ ده‌چێت.

Back to top button