سەڵاحەدین بەهادین: بۆنەیەكی نیشتیمانیی گەورەیه.. دەبێ هەمووان هاوكاری نێچیرڤان بارزانی بن
ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامی، پڕۆسەی سوێندخواردنی یاسایی سەرۆكی هەرێم بە بۆنەیەكی نیشتیمانیی گەورە ناو دەبات، هیواخوازیشە ئەم بۆنەیە ببێتە هۆی ئاشتەواییەكی گشتی، هاوكات ئەوەیشی گوت، كە دەبێ هەموو لایەك هاوكاری نێچیرڤان بارزانی بن.
سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان، سەبارەت بە پڕۆسەی سوێندخواردنی یاسایی نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی هەرێم، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، رایگەیاند، بۆنەیەكی گەورەی نیشتیمانییە، هاوكات هیوایشی خواست كە ببێتە مایەی ئارامی و ئاسایش و ئاشتەواییەكی گشتی بۆ هەموو لایەك، گوتیشی: “ئێمە بۆنەكە پیرۆز دەكەین، كاك نێچیرڤان لە بیست ساڵی رابردوودا كاریگەریی خۆی لە ساحەی سیاسییدا هەبووە، بە هیوایشین ئەو چاوەڕوانییەی كە هەیە بۆ بەرەوپێشبردنی ئەزموون و قەوارەی هەرێمی كوردستان، بیهێنێتە دی”.
نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، كە سەرۆكایەتیی هەرێم چەترێك دەبێت بۆ سەرجەم بیروبۆچوون و رەنگە جیاوازەكان، ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامی پێیوایە، كە دەبێت هەموو لایەك هاوكاری بكەن، تا ئەویش بتوانێ كە ئەو چەترە بێت بۆ سەرجەم كوردستان، نەك تەنیا سەرۆكی لایەنێك بێت، هاوكات ئومێدی سەركەوتنیشی بۆ نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان خواست.