نێچیرڤان بارزانی سوێندی یاسایی خوارد و به فهرمی بوو به سهرۆكی ههرێمی كوردستان
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەڵبژێردراوی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمێکدا بە بانگهێشتی هەزار و 200 میوان لە هۆڵی شەهید سەعد عەبدوڵا سوێندی یاسایی خوارد.
کەمێک پیش ئێستە نێچیرڤان بارزانی لە هۆڵی شەهید سەعد عەبدوڵا بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و پەرلەمانتاران و ژمارەیەک لە کەسایەتی و بەرپرسی سیاسی عێراق و وڵاتان سوێندی یاسایی خوارد و بە فەرمی بوو بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان.
رێوڕەسمەکە لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەستی پێ کرد و داوا لە نێچیرڤان بارزانی کرا ئامادە بێت بۆ ئەوەی سوێندی یاسایی بخوات و دواتر پەرلەمان بە فەرمی نێچیرڤان ئیدریس مستەفا بارزانی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان ناساند، رۆژی 28ی ئایاری رابردوو پەرلەمانی کوردستان سەرۆکی هەرێمی کوردستانی هەڵبژارد و لە نێوان پینج پاڵێوراودا نێچیرڤان بارزانی کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان بە 68 دەنگ لەکۆی 81 دەنگ وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەڵبژێردرا.
سەرۆک مەسعود بارزانی لە رێوڕەسمەکە بەشدارە و بڕیارە وتارێک پێشکەش بکات، هاوکات بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق و محەمەد حەلبووسی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و عەمار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمە و خەمیس خەنجەر سەرۆکی هاوپەیمانێتی پرۆژەی عەرەبی لە رێوڕەسمەکەدا ئامادەن و بڕیارە وتار پێشکەش بکەن.
هاوکات وەفدێکی باڵای سعودیە و مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا لە رێوڕەسمەکەدا بەشدارن و ژمارەیەک لە کۆنسوڵی و شاندی وڵاتان لە هۆڵی کۆبوونەوەکەن، بڕیار بوو رێوڕەسمەکە لە هۆڵی پەرلەمانی کوردستاندا بەڕێوە بچێت، بەڵام دواتر سەرۆکایەتی پەرلەمان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، بەهۆی زۆری میوانەکان، پەرلەمان بڕیاریدا رێوڕەسمەکە لە هۆڵی شەهید سەعد عەبدوڵا بەڕێوە ببات.