سهرۆك بارزانی پاڵپشتی خۆی بۆ سهرۆكی نوێی ههرێمی كوردستان ڕاگهیاند
سەرۆک بارزانی رایگەیاند، بە هەموو توانایەکییەوە پشتیوانیی سەرۆکی نوێی هەرێمی کوردستان دەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە 10-6-2019، سەرۆک مەسعود بارزانی وتارێکی لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بۆ سوێندخواردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشکەش کرد.
کاتژمێر 12:15 خولەکی نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 10-6-2019، پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوەیەکی ئاسایی ساز کرد و تێیدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوێندی یاسایی خوارد.
دەقی وتارەکەی سەرۆک بارزانی:
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
بەڕێزان بەخێربێن سەرچاوان
زۆر سوپاستان دەکەین و بەخێرهاتنتان دەکەین و زۆر خۆشحاڵین بە هاتنتان
سوپاس بۆ خوای گەورە کە یارمەتی داین بۆ ڕێکخستنەوەی دۆخی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی دوای هەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلوولی ساڵی رابردوو. سوپاس بۆ گەلی کوردستان و خۆڕاگرییان بەرامبەر زۆر هەڕەشەی جۆراوجۆر. سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدان.
لە ئەنجامی هەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوو هەلومەرجێکی تازە هاتە پێشەوە، لە پرۆسەیەکی دیموکراتیدا سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵبژێردرا، ئەمڕۆش سەرۆکی هەرێم سوێندی یاسایی خوارد و لە سبەینێشەوە هەنگاوەکانی دامەزراندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەست پێ دەکات.
لێرەدا من پیرۆزبایی لە نێچیرڤان بارزانی دەکەم، داوای سەرکەوتنی بۆ دەکەم و بە هەموو توانایەک پشتگیری دەکەم.
داوای جددیم لە حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدرال ئەوەیە کە پێکەوە هەوڵ بدەن هەرچی زووترە ئەو کێشانەی ماون، چارەسەریان بکەن، بەتایبەتیش ئەو کێشانەی کە لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمن، بەتایبەتیش ناوچەکانی کێشە لەسەر، چونکە ڕۆژ بە ڕۆژ کێشەکان قووڵتر دەبنەوە و جێی مەترسیی جددین.
پێویستە بە حیکمەت و لێکتیگەیشتن و هەماهەنگیی هەموو لایەک چارەسەری ئەو کێشانە بکرێت بەپێی دەستوور.
درووستە داعش تووشی شکان بووە، بەڵام داعش و هەڕەشەکەی ماوە، هەروەها خەریکە خۆی ڕێک دەخاتەوە، هاوبیری داعش ماون، هەردووک پێکەوە مەترسیی جددین لەسەر ئەمن و ئاسایشی نەک هەر عێراق، بەڵکوو هەموو ناوچەکە و جیهان، بۆیە پێویستیی بە هەماهەنگییەکی تەواو هەیە بۆ ڕیگەگرتن لەم مەترسییە گەورەیە تا جارێکیتر کارەساتی وەک ساڵی ٢٠١٤ دووبارە نەبێتەوە.
بۆ کێشەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش ئومێدەوارین هەموو لایەک کێشەکان چارەسەر بکەن چونکە شەڕ لە بەرژەوەندیی کەس نییە
لەناو هەرێمیش هیوادارم لایەنەکان بە گیانی هەست بە بەرپرسیارێتیکردن کار بکەن و کێشەکان چارەسەر بکەن، جارێکیتر بەخێرهاتنتان دەکەم.