سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان یه‌كه‌م وتار پێشكه‌ش ده‌كات

سەرۆکی نوێی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، سەرۆک بارزانی رۆڵی گەورەی لە شکستهینان بە رێکخرای تیرۆریستی داعش هەبوو.

ئەمڕۆ دووشەممە 10-6-2019، نێچیرڤان بارزانی دوای سوێندخواردنی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان، وتارێکی پێشکەش کرد و بەخێرهاتنی میوانانی کرد.

نێچیرڤان بارزانی لە وتارەکەیدا، ئاماژەی بە رووداوە مێژووییەکان کرد، کە لەم رۆژەدا رووی داوە و باسی هێرشی داعش و هەرەسهێنانی سوپای عێراق و کەوتنی مووسڵی کرد.

دەقی وتارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:

بەڕێز سەرۆک بارزانی

بەڕێز سەرۆک کۆماری عێراق

بەڕێز سەرۆکی پەرلەمانی عێراق

بەڕێز وەزیری دەرەوەی تورکیا

بەڕێز وەزیری دەوڵەتی سعوودیە بۆ کاروباری کەنداو

بەڕێز سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان

بەڕێزان باڵیۆزانی وڵاتان لە عێراق

دیپلۆماتکاران

سەرکردە و سیاسەتمەداران و لایەنە سیاسییەکان

میوانان و ئامادەبووانی خۆشەویست لە عێراق و بەغدا کە تەشریفتان هێناوە، هەمووتان بەخێر بێن

مایەی خۆشحاڵیمە کە هەمووتان لێرەن و لەگەڵمان بەشدارن

بەڕێزان سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانتاران و نوێنەرانی گەلی هەرێمی کوردستان بە گشت ڕەنگ و بۆچوونەکانیانەوە، سووپاس کە وەک نوێنەرانی گەل دەنگتان دا بە هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ چوار ساڵی داهاتوو

سوپاس بۆ ئەوانەی دەنگیان دا و ئەوانەی دەنگیان نەدا

ئەوانەی ڕۆژی دەنگدان نەچوونە پەرلەمان

سوپاسی هەمووتان دەکەم

هەریەک لە ئێوە بە خواستی خۆی و بە نوێنەرایەتیی دەنگدەر و لەسەر راسپاردەی ئەو حزبەی نوێنەرایەتیی دەکەن لە پەرلەمان، ئەرکی دیموکراسیی خۆتان مومارەسە کرد

لەم کاتەدا گرنگترین دەستکەوت بەردەوامبوونی خودی پرۆسەی دیموکراسییە

لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا لە کاتی خۆ ئامادەکردن بۆ ئەم ئەرکە نوێیە، گەلێک یادی ناخۆش و خۆش دێنەوە بیرمان

هەندێک ڕووداو لە بیر ناکرێن تا لێیانەوە فێر ببین، هەندێک ڕووداو زۆر نوێن کە هێشتا خۆیان لەگەڵ کاری ڕۆژانەمان تێکەڵ دەکەن، نوێترینیان هێرشی داعش بوو کە شێوازی کوشتارەکەیان هەموومانی تووشی شۆک کرد و دونیای هەژاند

زۆر کەس پێشبینیی دڕندەیی لەم جۆرەی نەدەکرد، زۆر کەس باوەڕی نەدەکرد هیزی تاریکپەرستی دەستی بچێتە ئەم هەموو تاوانە.

بۆ ماوەیەکی کورت لەوە دەچوو کە تیرۆریستان لە کارەکەیان سەرکەوتوو بن، جەنابی سەرۆک بارزانی ڕۆڵێکی گرنگ و سەرکەوتووی بینی لە بەرپەرچدانەوەی داعش و تێکشکاندنی خەونی تاریکپەرستییان. جەنابیان وەک فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگە ڕاستەوخۆ بەشداری لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان کرد و شەونخوونی کرد لەگەڵ پێشمەرگە، بە خۆڕاگری و ئەزموونی پێشمەرگایەتیی لە ١٦ ساڵییەوە تا ئەمڕۆ خزتە خزمەتی مرۆڤایەتی لە کوردستان و عێراق و سەرانسەری جیهان.

لەو قۆناغە سەختەدا جگە لە ڕۆڵی سەربازیی یەکلاکەرەوە و بەرزکردنەوەی ورەی پێشمەرگە، جەنابی سەرۆک بە ئەزموونی نزیکەی پەنجا ساڵ خەباتی خۆی، بە حیکمەتی لێزانی و شارەزایی، گەلی کوردستانی لە هەڕەشەیەکی راستەقینەوە بۆ کەناری ئارامی پەڕاندەوە، ئەم ڕێوڕەسمەی ئەمڕۆش کە زادەی دیموکراسییە، بەرهەمی خەبات و تێکۆشانی گەلی کوردستان و تێکۆشەرانی گەلەکەمانە.

دوای راپەڕین، لە ئازاری ١٩٩١ لە کۆیە بۆ یەکەمجار سەرۆک بارزانی داوای کرد بۆ بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان هەڵبژاردن بکرێت و گەلی کوردستان نوێنەرایەتیی خۆی لە پرۆسەیەکی دیموکراسیدا هەڵبژێرێت.

Back to top button