ئه‌مرۆ مەسرور بارزانی بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی هه‌رێم ڕادەسپێردرێت

ئه‌مرۆ سێشەممە 11/06/2019، مەسرور بارزانی، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ رادەسپێردرێت.

دوێنێ دووشەممه‌ 10ـی حوزەیران، ڤاڵا فەرید سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە كۆتایی دانیشتنەكەی پەرلەمان ڕایگەیاند، سبەی پەرلەمانی كوردستان بۆ دەستنیشانكردن و ناوزەندكردنی سەرۆكی نوێی حكوومەت كۆدەبێتەوە.

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان گوتی، دانیشتنەكە لە بڕگەی شەشەمی بە كراوەیی دەمێنێتەوە كە تایبەتە بە راسپاردرنی نوێنەری گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی كوردستان بۆ پێكهێنانی حكوومەت.

شایه‌نی باسه‌ دوێنێ دووشه‌ممه‌ نێچیرڤان بارزانی بە بەشداریی کەسایەتیی و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە، وەک سەرۆکی نوێی هەرێمی کوردستان سوێندی یاسایی خوارد و بڕیاریشە سبەی مەسرور بارزانی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رابسپێردرێت، بۆ ئەو مەبەستەش ماوەی 30 رۆژ مۆڵەتی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت و پێشکەش بە پەرلەمانی كوردستان بكرێت هەیە.

هه‌روه‌ها ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنی ژماره‌ (8)ی ئاساییی ئه‌مرۆ سێشه‌مه‌ رێكه‌وتی 2019/6/11ی راگه‌یاند، كه‌ به‌مشێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌یه‌:
به‌رنامه‌ى كار.

به‌پێی حوكمی بڕگه‌كانی (یه‌كه‌م، دووه‌م، سێیه‌م) له‌ مادده‌ى (16) و برگه‌ی (سَییه‌م) له‌ مادده‌ی (18) و مادده‌كانی (47، 48، 52، 55، 56، 57)، له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانى كوردستان ـ عیراق، ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان بڕیاریدا به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنی ژماره‌ (8)ى ئاسایی خولی به‌هاره‌ی ساڵی یه‌كه‌م له‌ خولــی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان له‌ كاتژمێر (11)ى پێشنیوه‌ڕۆی رۆژی سێشه‌ممه‌ رێكه‌وتی 11/6/2019 به‌م شێوه‌یه‌ بێت:

یه‌كه‌م: ده‌ستنیشانكردنی سه‌رۆكی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنی هه‌رێمی كوردستان، به‌پێی بڕگه‌ (3) له‌ مادده‌ی (56)ی یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ی هه‌مواركراو.

Back to top button