عوسمان ئۆجەلان: نێچیرڤان بارزانی كەسایەتییەكی بەهێزی ناوچەكەیە، ئارامی و ئاوەدانی زیاتر لە هەرێمی كوردستان فەراهەم دهكات
عوسمان ئۆجەلان، كەسایەتیی سیاسیی باكووری كوردستان ڕایگەیاند، دەستنیشانكردنی نێچیرڤان بارزانی بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان، قۆناغێكی تازە دەبێت بۆ هەرێمی كوردستان و ناوچەكە بە گشتی.
عوسمان ئۆجەلان، بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژەی بهوه داوه، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، كەسایەتییەكی بەهێزی ناوچەكەیە و كاریگەریی زۆری بەسەر پارتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراقەوە هەیە، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت لە ماوەی چوار ساڵی ئایندەدا، ئارامی و ئاوەدانیی زیاتر لە هەرێمی كوردستان فەراهەم بكرێت، ئەمەش بە هۆی ئەو كاریزمایی و ئەزموونە سیاسییەیە كە نێچیرڤان بارزانی هەیەتی.
لە بارەی دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە باكووری كوردستان، ئۆجەلان رایگەیاند: “پارتە سیاسییەكانی باكووری كوردستان لە كاریزمایی كاك نێچیرڤان گەیشتوون و كاریگەریی زۆریشی بەسەر ئەوانەوە هەیە، هەروەها دەوڵەتی توركیاش پەیوەندییەكی زۆر باشی لەگەڵ سەرۆك نێچیرڤاندا هەیە، لە هەمووش گرنگتر ئەوەیە كە سەرۆكی هەرێم بۆ خۆی كەسێكی ئاشتیخوازە، بۆیە پێم وایە لەسەر دەستی كاك نێچیرڤان، پڕۆسەی ئاشتی لە باكووری كوردستان لە ئایندەدا دەست پێدەكاتەوە، كە ئەمەش بۆ دیپلۆماسییەت و خەمخۆریی سەرۆكی هەرێم دەگەڕێتەوە”.