بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشین: پاداشتی 6 مانگ بۆ ئەو كەسانە خەرج دەكرێت كه خانەنشین دەبن
بەرپرسێكی باڵای خانەنشین چەند زانیاریەك لە بارەی خانەنشینكردنی فەرمانبەران ئاشكرا دەكات و رای دەگەیەنێت ئەمساڵ لە چەند توێژێكی فەرمانبەران خانەنشین دەكرێن.
حازم ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئەو فەرمانبەرانەی خانەنشین دەكرێن كێشەی مووچەیان نابێت، گوتی: “ساڵی پار و پێرار ئەو فەرمانبەرانەی لە دایكبووی ساڵی 1954 و 1955 كە خانەنشین بوون چۆن فەرمانبەر مووچەیان وەرگرت بەهەمان شێوە ئەوانیش مووچەی خانەنشینیان پێدرا”.
ئیسماعیل، سەبارەت بەوانەی ئەمساڵ خانەنشین دەكرێن دەڵێت :” لە دایكبووانی 1956 خانەنشین دەكرێن زۆربەیان لە مانگی 7ی ئەمساڵن، كێشەی مووچەیان نابێت، بۆ نمونە یەكێك تاوەكو 30ی 6 خانەنشین دەبێت ئەوە تاوەكو مانگی 6 مووچەی فەرمانبەری وەردەگرێت، كاتێك فەرمانبەر مانگی 7 مووچە وەردەگرن ئەوانیش مووچەی خانەنشینی وەردەگرن”.
ئەو ئاماژەی بەوەشكرد: لە وەزارەتی دارایی دوو خشتەی تایبەت بە پێدانی مووچەی خانەنشینان هەیە، خشتەیەكیان ئەو خانەنشینانەیە كەوا كۆنن و مووچەیان لە پاشە، خشتەیەكیش ئەوانەیە كە لەم چەند ساڵە خانەشین بوونە لە گەڵ ئەمساڵیش ئەوانە بە لیستێكی تر مووچەیان پێ دەدرێت و كێشەیان نیە.
بەرپرسەكەی خانەنشین ئاشكراشیی كرد ئەو بڕە پارەیەی وەكو پاداشتی 6 مانگی خانەنشینی بۆ فەرمانبەرانی خانەنشین كراو خەرج دەكرێت كێشەی تێدا نیە،
بەپێی ئاماری بەرێوەبەرایەتی گشتی خانەنشین، ساڵانە لە هەرێمی كوردستان نزیكەی 5 هەزار فەرمانبەر خانەنشین دەبن، هەروەها لە كوردستاندا 244 هەزار كەس مووچەی خانەنشینی سەربازی و شارستانی وەردەگرن.