ڕێبوار تاڵەبانی : تا دۆخەكە ئاسایی نەبێتەوە دانانی پارێزگار بۆ كەركووك سوودی نییە

سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ڕایگەیاند، حكوومەتی عێراق هەرچی بكات ناتوانێت دۆخی ناوچە كوردستانییەكان چارەسەر بكات، چونكە لە بەرژوەندی ئەوان دایە دۆخەكە خراپ بێت بۆ ئەوەی ڕێژەی كورد لەو ناوچانە كەم بێت.

ئەمڕۆ سێ شەممە ۱۱ی حوزەیران، رێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ڕایگەیاند، دۆخی كەركووك رۆژ بەرۆژ بەرەو خراپتر دەچێت، ئەو دۆخە چەندە خراپ بێت و داعش كردەوە ئەنجامبدات لە بەرژوەندی عەرەبە، بۆیە حكوومەتی عێراق چەند هەوڵی بۆ بدات ناتوانی كێشەی كەركووك چارەسەر بكات، زیاتر روونیشی كردەوە كە پێویستە نوێنەرانی كورد لە بەغدا و سەركردایەتی كورد لە هەرێمی كوردستان رۆڵی خۆیان ببینن، چونكە تا كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر نەبن رەوشی ناوچەكان بە ئاڵۆزی دەمێنێتەوە.

تاڵەبانی باسی لەوە كرد، تا دۆخی كەركووك ئاسایی نەبێتەوە و بەسەربازگەكردنی كەركووك  بە كۆتا نێت هەر پارێزگارێك دابنرێت سوودی نابێت، بۆیە پێویستە دۆخی كەركووك ئاسایی بكرێتەوە ئینجا پارێزگارێك دابنرێت.

لەکۆتایدا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە كاتی خۆی داعش لە دەوروبەری كەركووك تەواو نەببوو حكوومەتی عێراق كۆتایی هاتنی داعشی ڕاگەیاند، بەڵام ئێستە دەبینین چۆن سەری هەڵداوەتەوە و بەردەوام لە سنووری كەركوك  كردەوە ئەنجامدەدات.

Back to top button