سبەی مەڕسوومی سەرۆکایەتی ھەرێم بۆ سەرۆکی حکوومەت دەردەچێت

ئەندامێکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان گوتی، دووای ئەوەی ئەمڕۆ بە زۆرینەی دەنگ ناوی سەرۆکی حکوومەت پەسەند کرا، پەرلەمان ڕەوانەی سەرۆکایەتی ھەرێمی کردووە و سبەی مەڕسوومی سەرۆکایەتیی ھەرێمی پێ دەردەچێت و سەرۆکی ڕاسپێردراوی حکوومەت دەست بە پێکھێنانی حکوومەتی نوێ دەکات و لە ماوەی کەمتر لە مانگێکی دیکەدا حکوومەت پێک دێت.

خەدیجە عومەر، ئەندامی لیژنەی یاساییی پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاندووە: ئەمڕۆ بە زۆرینەی دەنگ کاندیدی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پەسەند کرا و دوواتر پەرلەمان ڕەوانەی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستانی کرد، بۆ ئەوەی مەڕسوومی سەرۆکایەتیی ھەرێمی پێ دەربچێت و ھیچ بەربەستێک لە پێشی نییە و سبەی سەرۆکی ھەرێم مەڕسوومی بۆ دەردەکات.

خەدیجە عومەر گوتیشی: بەھۆی ئەوەی ڕێککەوتن لە نێوان لایەنەکاندا ھەیە سەرۆکی حکوومەت دەتوانێ کەمتر لە مانگێک کابینەی نوێ پێک بێنێت، چونکە زۆر دووا کەوتووە و ناکرێت لەمە زیاتر دووا بکەوێت.

Back to top button