له‌ میدیا جیهانییەکاندا مه‌سرور بارزانی وه‌ك ئه‌ندازیاری سه‌ربه‌خۆیی و جیابوونه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌ شێوه‌ی ئاشتیانه‌ له‌ عێراقی عه‌ره‌بی ناوی ده‌برێت

مه‌سرور بارزانی، له‌ لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگی په‌رله‌مانتاران ناوزه‌دكرا بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان. هه‌واڵی ناوزه‌دكردنیشی له‌ میدیای عه‌ره‌بی و جیهانیدا ده‌نگدانه‌وه‌ی لێكه‌وته‌وه‌. وه‌ك یه‌كێك له‌ هه‌واڵه‌ گرنگه‌كانی رۆژ به‌ بایه‌خه‌وه‌ ئاژانس، كه‌ناڵ و سه‌رچاوه‌ هه‌واڵییه‌كان بڵاویان كرده‌وه‌.

ئاژانسی هه‌واڵده‌ری “رۆیته‌رز” له‌ راپۆرتێكدا باسی له‌ ده‌ستنیشانكردنی مه‌سرور بارزانی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت كردووه‌. ئاماژه‌ی به‌ ناكۆكییه‌ سیاسییه‌كانی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌.

له‌و باره‌یه‌وه‌ ئاژانسه‌كه‌ بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، ‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و ناكۆكییانه‌ ئه‌ركی سه‌ره‌كی و هه‌ره‌ گرنگی سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێ بێت، كه‌ ماوه‌ی مانگێك له‌به‌رده‌مدایه‌ بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی حكوومه‌ته‌كه‌ی.

له‌ ئاستی عێراقدا سایت و كه‌ناڵه‌ عێراقییه‌كان به‌ فراوانی باسیان له‌ ده‌ستنیشانكردنی مه‌سرور بارزانی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌.

له‌ ئاستی میدیای عه‌ره‌بی و جیهانیش كه‌ناڵ و سایت و ئاژانس و سه‌رچاوه‌ هه‌واڵییه‌كان وێڕای بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵه‌كه‌، زانیاریان له‌ باره‌ی پێشینه‌ی خوێندن و ئه‌زموون و كاركردنی مه‌سرور بارزانی خستووه‌ته‌ڕوو.

سایتی “ئیلاف”، وێستگه‌كانی ژیانی مه‌سرور بارزانی خستووه‌ته‌ڕوو. ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌،‌ مه‌سرور بارزانی زمانه‌كانی فارسی، عه‌ره‌بی و ئینگلیزی ده‌زانێت. به‌شی سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی له‌ زانكۆی واشنتن ته‌واو كردووه‌. جگه‌ له‌ دامه‌زراندنی رێكخراوێكی خێرخوازی له‌ ۲۰۱۲ەوە راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستانه‌.

رۆژنامه‌ی “شرق الاوسط”، باسی له‌ ده‌نگدانی په‌رله‌مانتارانی یه‌كێتی بۆ ناوزه‌دكردنی مه‌سرور بارزانی كردووه.‌ له‌سه‌ر زاری “تارق جه‌وهه‌ر، ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌، هۆكاری ئاماده‌نه‌بوونی یه‌كێتی له‌ دانیشتنی متمانه‌ دان به‌ سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ نه‌بوونی “تێگه‌یشتنی هاوبه‌ش ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌.

ئاژانسی “فرانس پرێس”، به‌ زمانه‌ جیاجیاكانی جیهان باسی له‌ رووداوه‌كه‌ كردووه و بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، مه‌سرور بارزانی له‌ ته‌مه‌نی ۱۰ ساڵییه‌وه‌ چووه‌ته‌ ریزی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان. دژی رژێمی سه‌دام حوسێن چه‌كی هه‌ڵگرتووه‌.

هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ رۆڵ و كاریگه‌ری مه‌سرور بارزانی، ئاژانسه‌كه‌ نووسیویه‌تی: مه‌سرور بارزانی شانبه‌شانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا رۆڵێكی گرنگی گێڕاوه‌ دژی رێكخراوی داعش.

هه‌روه‌ها باسی له‌وه‌شكردووه‌، مه‌سرور بارزانی له‌ ئێستادا سه‌رۆكی بۆردی زانكۆی ئه‌مه‌ریكییه‌ له‌ دهۆك و باوكی چوار كوڕه‌.

سایتی “العربی الجدید” سه‌باره‌ت به‌ كه‌سایه‌تی مه‌سرور بارزانی نووسیویه‌تی: رۆڵی گرنگی له‌گه‌ڵ باوكیدا گێڕاوه‌، هه‌ر له‌و كاته‌وه‌ وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌ك به‌شداری له‌ شه‌ڕه‌كان دژی سوپای عێراق كردووه”.

“له‌ دوای ته‌واوكردنی خوێندن له‌ ۱۹۹۸ جارێكی دیكه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان و رۆڵی له‌ سه‌ركردایه‌تی پارتیدا گێڕاوه‌. له‌ ۲۰۱۲ وه‌ك راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستبه‌كار بووه‌. یه‌كێك بووه‌ له‌ ره‌گه‌زه‌ كاریگه‌ر و چالاكه‌كانی شه‌ڕ له‌ دژی داعش. سه‌ركه‌وتووانه‌ رۆڵی سه‌ركردایه‌تی گێڕاوه‌ له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش له‌ شه‌ڕه‌كانی پێشمه‌رگه‌ دژی داعش.

باسی له‌وه‌شكردووه‌، له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنووری هه‌رێمی كوردستانیش، له‌ كه‌ركووك به‌شداری له‌ رزگاركردنی ژماره‌یه‌ك بارمته‌ كردووه‌ و له‌ ۲۰۱٥دا رۆڵی هه‌بووه‌ له‌ ده‌ستگیركردنی ئه‌بو سه‌یاف، یه‌كێك له‌ سه‌ركرده‌كانی داعش.

سایته‌كه‌ زیاتر له‌ باره‌ی رۆڵ و كاریگه‌ری مه‌سرور بارزانی زانیاری بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و ناوبراوی به‌ “ئه‌ندازیاری پرسی سه‌ربه‌خۆیی و جیابوونه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ عێراق” وه‌سفكردووه‌.

له‌و باره‌یه‌وه‌ نووسیویه‌تی: مه‌سرور بارزانی به‌ دیارترین بانگخوازانی سه‌ربه‌خۆیی كورد هه‌ژمار ده‌كرێت. ئه‌و له‌ سه‌روبه‌ندی شه‌ڕی رووخانی رژێمی به‌عس له‌ ۲۰۰۳ كاری بۆ ئه‌و پرسه‌ كردووه‌. له‌ ۲۰۱٦دا وتارێكی له‌ واشنتن پۆست بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا داوایكرد، به‌ شێوه‌یه‌كی دۆستانه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ عێراق جیا ببێته‌وه‌. عێراقی به‌ شكستخواردوو ناوبردووه‌ و داوایكردووه‌، كورد ناچار نه‌كرێت له‌و چوارچێوه‌یه‌دا بمێنێته‌وه”.

 

 

Back to top button