دامەزراوەیەكی ئەمریكی: نهێنیەك لەسەر دەوڵەتی كوردی ئاشكرا دەكات

خواكوڕك

دامەزراوەیەكی ئەمریكی راپۆرتێكی 179 لاپەرەی بڵاو دەكاتەوە، لەسەر ئەوەی كە ( تەهران و ئەنقەرە و بەغدا) كێشەیان لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی نیە، لە راپۆرتەكەدا هاتووە، کاردانەوە چاوەڕوانکراوەکانی سێ ئەکتەری سەرەکی گۆڕەپانی سیاسیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەرەیەك لە تورکیا، ئێران و حکومەتی ناوەندی عێراق پێکدێن. ئەم سێ لایەنە خوازیارن ئەگەر هەرێمی کوردستان بڕیاری یەکلاکەرەوە بدات، ئەوا پرۆسەی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستانی باشوور پرۆسەیەکی قۆناغ بە قۆناغ بێت و نەبێتە پاڵنەرێک بۆ ڕابوونی کوردەکان لە پارچەکانی دیکە.

لەم راپۆرتە توێژینەوەیەدا كە دامەزراو ئەمریكاكە بڵاوی كردۆتەوە، تێیدا سێ سیناریۆی جیاوازی خراوەتە روو بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی كوردی لەیەكەم خوێنەوەدا ئەوەی تێدا خراوەتە روو، كە کوردستان یەکلایەنە بڕیاری ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی بدات، کە ئەمەیان لە لایەن حکومەتەکانی ناوچەکە پشتیوانیی ناکرێت، لە سیناریۆی دووەم دا هاتووە لە ئەگەری ڕوخانی حکومەتی عێراق، کوردەکان ھەلێک بقۆزنەوە بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ، لە سێهەمین سیناریۆدا جیابوونەوەیەکی قۆناغ بە قۆناغ لە ڕێگەی دانوستاندنی نێوان ھەولێر و بەغدا. راپۆرتەكەش بۆچوونی خۆی تێدا دەخاتە روو دەلێت سەرەڕای پێداگریی حکومەتی بەغدا لەسەر پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق، دەسەڵاتدارانی ناوەند ئەستەمە بتوانن ڕێگە لە جیابوونەوەی کوردەکان بگرن، ئەگەر کورد بڕیاری خۆی دابێت بۆ جیابوونەوە، ھەر بۆیەش باشترین ڕێگە و پڕ سوودترین ھەڵبژاردە بۆ ھەردوولا، دانوستاندن و ڕێککەوتنە.

سەبارەت بە تورکیا، لە ڕاپۆرتەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، کە حکومەتی ئەنکەرە، بەھۆی ئەو گۆڕانکارییەی لە سیاسەتەکانیدا ھاتووەتە ئارا، پێدەچێت ڕێگری لە سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان نەکات. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بەھێزبوونی پەیوەندی ھەردوولا لە بوارەکانی وزە و بازرگانی و ھەروەھا بێ ھیوایی حکومەتی تورکیا لە بەغدا و دیمەشق. ئاماژە بەوەش کراوە، کە تورکیاش ڕەزامەندیی لەسەر سەربەخۆیی کوردستان دەدات بە مەرجێک پرۆسەکە قۆناغ بە قۆناغ بێتە جێبەجێکردن، هەر سەبارەت بە کۆماری ئیسلامی ئێران، توێژەرەکان پێیانوایە حکومەتی تاران لەوانەیە کێشە بۆ کوردستانێکی سەربەخۆ دروست نەکات، تەنھا ئەگەر دڵنیا بێت ئەم ھەنگاوە جووڵەی ناڕەزایی ناخاتە نێو کوردەکانی کوردستانی ڕۆژھەڵات.

لەلای خۆشیەوە عەلی ڕەزا نادر، سەرۆکی تیمی توێژینەوەکە و توێژەر لە دامەزراوەی ڕەند، پێیوایە حکومەتی عێراق تەنانەت دەتوانێت سوود لە جیابوونەوەی کوردەکانیش وەربگرێت و دەرەنجامە نەرێنییەکان لەسەر عێراقێکی بێ کوردستان کەم بکاتەوە و بۆ ئەم دەستکەوتەش پێویستە گفتوگۆ لە نێوان ھەولێر و بەغدا ھەبێت، کە دواجار خزمەت بە بەرژەوەندیی ھەردوولا بکات.

هەروها عەلی ڕەزا نادر لەم بارەوە دەڵێت، ئێرانیش بەرژەوەندیی ئابووری لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ھەیە و سەرەڕای ناڕەزایەتییەکانی حکومەتی عێراق، تاران ھێشتان خوازیاری پەرەپێدانی ئەم پەیوەندییانەیە لەگەڵ ھەولێر. بۆیە ئەم بەرژەوەندییە ئابوورییانە دەکرێت نەر‌می بخەنە کاردانەوەکانی کوماری ئیسلامی ئێران بەرامبەر سەربەخۆیی کورد لە عێراق.

Back to top button