بكوژی شوفێرەكەی ھەولێر دەستگیر كرا

عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرای كرد، ئەو كەسەی دوێنێ لە ھەولێر شوفێرێكی كوشت دەستگیر كراوە. راشیگەیاند، لە ماوەی ھەفتەیەكدا چەند تۆمەتبارێكی دیكەیان دەستگیر كردووە.

عەبدولخالق تەڵعەت، گوتی: “دوای ئەوەی دوێنێ لەكاتی رووداوێكی ھاتووچۆدا لە ھەولێر شوفێرێك بەنای محەمەد عەبدولعەزیز، بە دەمانچە تەقەی لە شوفێرێكی دیكە بەناوی ھیشام ئیسماعیل كرد و كوشتی، دواتر خۆی رادەستی پۆلیس كرد و ئێستا دەستگیر كراوە و دەدرێتە دادگا”.

دوێنی سێشەممە 11/6/2019، له‌ فلكه‌ی بازی سه‌ر رێگه‌ی مووسڵی شاری هه‌ولێر، رووداوێكی پێكدادان لەنێوان دوو ئۆتۆمبێل روویدا، دوای دەمەقاڵە لەنێوان شوفێرانی ھەردوو ئۆتۆمبێلەكە، یەكێك لە شوفێرەكان بە دەمانچە تەقەی لەوەی دیكە كرد و برینداری كرد، پێش گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر گوتیشی: “چەند تۆمەتبارێكی دیكە دەستگیر كرا، دەست بەسەر چەند پارچە چەك و ژمارەی ساختەی ئۆتۆمبێل داگیراوە و پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ تۆمەتباران كراوەتەوە”.

روونیكردەوە: “چەند تاوانێك ئەنجامدراوە بەو ئۆتۆمبێلانەی ژمارەی ساختەیان ھەبووە و كە لێكۆڵینەوەمان دەكرد ئۆتۆمبێلەكان ئەولیاتیان نەبوو، دواتر بۆمان دەركەوت كە ژمارەی ساختەیان بۆ ئۆتۆمبێلەكان دروست كردووە”.

بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر راشیگەیاند: “ھەڵمەتی دەست بەسەرداگرتنی چەكە بێ مۆڵەتەكان بەردەوام دەبێت”.

Back to top button