عارف روشدی: بەم نزیكانە شاندێك بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ سەردانی حزب ولایەنە سیاسیەكان دەكات
دوای ئەوەی ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان, مەسرور بارزانی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی راسپارد, ڕاوێژكارێكی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرای كرد، مەسرور بارزانی بە سەرۆكایەتیی شاندێك، سەردانی لایەنەكان دەكات.
عارف روشدی، ڕاوێژكاری مەكتەبی سیاسیی پارتی ڕاگەیاند: ”مەسروور بارزانی شاندێك پێكدەھێنێت كە زۆرتر ستافێكی حكوومەت دەبێت، سەردانی حزبەكان دەكات، یەكەم لایەن كە سەردانی بكات یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە و دواتر بزووتنەوەی گۆڕان و لایەنە پێكھاتەكان.
ڕاوێژكارەكەی مەكتەبی سیاسیی پارتی داوای لە لایەنەكان كرد، ناوی كاندیدەكانیان ئامادە بكەن و ڕای گەیاند: ”ھەر حزبێكیش كاندیدی بۆ پۆستەكان ئامادە نەبێت، كابینە حكوومییەكە دروست دەكرێت و شوێنەكانیان بە بەتاڵی دەمێنێتەوە تا خۆیان یەكلا بكەنەوە، بەڵام باوەڕ ناكەین گرفت لەو بارەوە ھەبێت و پێش ماوەی دیاریكراوی خۆی، مەسرور بارزانی كابینەی نوێی حكوومەت پێكدەھێنێت“.
ئەمڕۆ چوارشەممە مەسرور بارزانی لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت راسپێردرا.