سەرۆكی هەرێمی كوردستان و وەزیری دەوڵەتی سعودیە بۆ كارووباری كەنداو كۆبوونەوە

 

دوای ئەوەی وەزیری دەوڵەتی سعوودیە بۆ كاروباری كەنداو ثامر ئەلسەبهان بەشداریكردن لە ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی یاسایی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد, ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 12/6/ 2019 لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی, سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە هەولێر كۆبووەوە.

لە دیدارەكەدا ئەلسەبهان خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان و بەشداریكردنی لە ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێم دەربڕی و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە كار و ئەركە نوێیەكەیدا.

لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی سوپاسی سەردانەكەی و بەشداریكردنی لە ڕێوڕەسمی سوێندخواردندا كرد و ئاماژەی بە پەیوەندیی دێرینی نێوان هەرێمی كوردستان و شانشینی سعوودیە كرد.

لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا هەردوولا پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و سعوودییەیان لە بوارە جیاوازەكاندا بە شێوەیەك تاوتوێ كرد، كە لە بەرژەوەندیی هەردوو گەلی كوردستان و سعوودیەدا بێت.

Back to top button