سكرتێری گشتیی YNDK بۆ مەسرور بارزانی: بێگومانین كەسایەتی و لێهاتوویی جەنابتان دەتوانێ پرۆسەی سیاسی و حوكمداری لە كوردستان زیاتر پێشبخات
دوای ئەوەی ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان, مەسرور بارزنی بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم راسپارد, سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان، غەفوور مەخمووری، پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی مەسرور بارزانی، راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد و تێیدا رایگەیاندووە، ئێمە لە یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK تەواوی پشتیوانی خۆمان بۆ جەنابتان رادەگەیەنین و ئەوەی لە تواناماندا بێت هاوكارتان دەبین.
دەقی پەیامەكە
پەیامی پیرۆزبایی و پشتیوانی سكرتێری گشتیی YNDK بۆ بەڕێز مەسرور بارزانی
برای بەڕێزمان جەنابی كاك مەسرور بارزانی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان
سڵاویكی برایانەی گەرم …
هەڵبژاردنی جەنابتان لەلایەن پەرلەمانی كوردستان و راسپاردنتان لەیەن بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان مایەی خۆشحاڵیمانە، بەناوی خۆمان و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و كۆمیتەی سەركردایەتی و تەواوی ئەندام و لایەنگرانی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK، بەگەرمی پیرۆزبایتان لێدەكەین و هیوای سەركەوتنان بۆ دەخوازین.
بێگومانین كەوا كەسایەتی و لێهاتوویی جەنابتان لەو پێگەیەدا دەتوانێ پرۆسەی سیاسی و حوكمداری لە كوردستان زیاتر پێشبخات، ئومێدمان زۆرە كەوا جەنابتان بتوانن باشووری كوردستان لە رووی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و دامەزراوەییەوە زیاتر گەشەپێبدەن و پێشبخەن، لەهەمان كاتدا چاومان لەوەیە كەوا بتوانن دەزگا و دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر سیستماتیك بیكەن بە حكومەتی هەموو كوردستانیان و، دەرگاتان كراوە بێت بۆ گوێگرتن و راوێژكردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و شارەزایان بۆ چۆنیەتی پێشخستنی سیستمی بەڕێوەبردن و چارەسەركردنی ئەو كیشە و گرفتانەی كە دێنە پێشەوە و كاریگەریان بۆ سەر پرۆسەی سیاسی كوردستان دەبێت، لەم پێناوەدا بۆ سەرخستنی كارەكانتان و بۆ بەدیهێنانی مافەكانی گەلی كوردستان، ئێمە لە یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK تەواوی پشتیوانی خۆمان بۆ جەنابتان رادەگەیەنین و ئەوەی لە تواناماندا بێت هاوكارتان دەبین.
لەگەڵ رێزو خۆشەویستی دووبارەماندا.
هەر بژین و سەركەوتووبن بۆ كورد و كوردستان.
براتان
غەفوور مەخمووری
سكرتێری گشتیی
یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK
12/ 6 / 2019
عەمان – ئوردەن