كۆمەڵی ئیسلامی: حكوومەت بەسەرۆكایەتی مەسروور بارزانی سەركەوتوو دەبێت
ئەندامێكی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی رای دەگەیەنێت، كابینەی داهاتوو سەركەوتوودەبێت ئەگەر لە بەرژەوەندی هاووڵاتییان كاربكات و خزمەتگوزارییەكان بۆ هاووڵاتییان زیاتر بكات.
فارووق عەلی ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان رایگەیاند، لەماوەی رابردوو خەڵكی كوردستان ڕووبەڕووی كۆمەڵێك تەنگژە بووەوە، بۆیە دۆخی خەڵك گەیشتە ئاستێكی خراپ، حكوومەتی داهاتوو كە پێكدەهێنرێت دەتوانێت لە هەموو بوارەكاندا خزمەت بە هاووڵاتییان و كوردستان بكات و گوێ لەكەسانی شارەزاو نیشتمان پەروەر بگرێت و رەخنەكان وەك رەخنەی ڕژد ببینێت.
بەرپرسەكەی كۆمەڵی ئیسلامی زیاتر گوتی، حكوومەتی داهاتوو سەركەوتوو دەبێت ئەگەر بەبێ جیاوازی خزمەتی هاووڵاتییان بكات، حكوومەتێك بێت كە هەموو هاووڵاتییان بەبێ جیاوازی ببینێ.
ڕۆژی 10ی حوزەیران، نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان سوێندی یاسایی خوارد، ڕۆژێك دوای ئەوە پەرلەمانی كوردستان بەزۆرینەی دەنگ مەسروور بارزانی بۆ پێكهێنانی حكوومەت راسپارد و دوێنێش سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەرسوومی فەرمی بۆ دەركرد.