هەدار بارزانی: گۆڕانکاری گهوره لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا دەکرێت
پەرلەمانی عێراق دوای دوو مانگ توانی خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق بكات، پەرلەمانتارێكی پارتیش دەڵێ، بەپێی ھەموارەكە، گۆڕانكاری دەكرێت و بڕیارە هەفتەی دابێ بخرێتە دەنگدانەوە.
ھەدار بارزانی، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاندووه: خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق كراوە و بڕیارە لە هەفتەی دابێت پڕۆژەیاساكە ئەگەر راپۆرتی لیژنەی یاسایی كۆتایی بێت، بخرێتە دەنگدانەوە، بێگومان لە یاسای ھەمواركراودا گۆڕانكاری لە سیستەمی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراقدا كراوە.
پەرلەمانتارەكەی پارتی دەڵێت: یەكێك لە گۆڕانكارییەكان ئەوەیە، كە بۆ ھەڵبژاردنی داھاتوو ھەڵبژاردن تەنیا بە سیستەمی بایۆمەتری بەڕێوە دەچێت و كار بەو سیستەمە نوێیە دەكرێت و ھەموو شێوازەكانی دیكە، كە بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەكە پێشتر گیراونەتە بەر، چیتر كاریان پێ ناكرێت، ئێمە وەك فڕاكسیۆنی پارتی پێشنیازی خۆمان داوەتە لیژنەی ئامادەكاری پڕۆژەیاساكە، چونكە بۆ كورد ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق گرینگە و لە ھەرسێ پارێزگای نەینەوا و كەركووك و دیالە كورد پشكداریی ھەیە و رێژەیەكی زۆری كورسیشمان پێشتر بە دەست ھێناوە.
لەبارەی ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاكان، هەدار بارزانی گوتی: یەكێك لە خاڵە گرینگەكانی ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنەكان لەوەدایە، كە پێشتر ھەندێ لایەنی عێراقی داوای ئەوەیان دەكرد ئەنجوومەنی پارێزگاكان ھەڵبوەشێندرێنەوە، بەڵام ئیدی ئەو بەربەستەمان تێپەڕاند و ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق وەك خۆیان دەمێنن و بەپێی كاتی دیاریكراویش ھەڵبژاردن بەڕێوە دەچێت.