وەڵامێك بۆ دوڵان كاڵكان
رۆژنامەی هەولێر
دۆران كاڵكان كە ئەندامێكی بەڕێوەبەری كەجەكەیە، دیسان كەوتووەتە هەڕەشەكردن و قسەی بێ بنەما لەدژی پارتی دیموكراتی كوردستان و شكست و سیاسەتە هەڵەكانی خۆیان بە پەلاماردانی پارتی و بەلاڕێدابردنی ڕاستییەكان پەردەپۆش دەكات. جارێ بەر لە هەر شتێك دۆران كاڵكان كورد نییە. ئەبێ بزاندرێ كەسێك كە كورد نەبێت بۆی نییە دەربارەی كورد و بەرژەوەندی گەل و خاك قسە بكات.
لەگەڵ ئەوەیشدا كاڵكان و حزبەكەی و چەكدارەكانی زیاتر لە سی ساڵە نەیانتوانیوە یەك گوند لە توركیا بە حیسابی خۆیان ڕزگار بكەن، كەچی هاتوونە بە سەدان گوندی هەرێمی كوردستانیان داگیركردووە و ژیان و كەسب و كاری خەڵكی ئاسایی هەرێمیان تێكداوە.
بە كاڵكان دەڵێین پارتی دیموكراتی كوردستان چیی بكات كە ئێوە ڕۆژانە وەك مشك لەبەر عەسكەری تورك ڕا دەكەن و خۆتان لەناو كون و بەردەكاندا دەشارنەوە؟ گوناحی ئێمە چییە نەتانتوانیوە بۆ یەكجار كارێك بكەن كە لە بەرژەوەندیی گەلی كورد بێت؟ لەبارەی بابەتی جووڵەكردنیشەوە، ئەوە ئێوەن كە هاتوونەتە ناو خاكی ئێمە و داگیرتان كردووە و ئەوە ئێوەن كە دەبێ مۆڵەتی جووڵە لە ئێمە وەربگرن نەك پێچەوانە.
ئێوە هەمیشە مایەی سەرئێشە و ئازار بوونە بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان و جگە لە قسەی زل و كەڵەگایی و تێكدان هیچ بەرهەمێكتان بۆ گەلی كوردستان نەبووە.
ئێوە بارگرانی بوونە بۆ سەر ژیانی خەڵكی كوردستان و باشیش دەبێت چیتر تۆ و ئەوانەی وەك تۆ بە زمانی هەڕەشە و شەڕفرۆشی قسە نەكەن. چونگە ئەگەر هەر هەڕەشە بكەن دواتر خۆت باشتر دەزانێ كە كێ زەرەر دەكات